مه‌سرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵی كارایان دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌

مه‌سرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵی كارایان دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌

پەیامی کورد... مه‌سرور بارزانی: پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵی كارایان دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌


سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌شداریی له‌ یادی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ئافره‌تان كرد و وتارێكی گرنگیشی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی3ی2023، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر یادی 8ی مارس، رۆژی جیاهانیی ئافره‌تان به‌ڕێوه‌ چوو، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبوانی بەڕێز ڕۆژتان باش بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. هیوادارم ئافرەتان هەمیشە لە ژیاندا سەركەوتوو بن و مافەكانیان پارێزراو بێت و دوور بن لە هەر ستەم و چەوساندنەوەیەك.

دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەكسانیی جێندەری و تواناسازیی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم بۆنەیە و واژۆكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ خزمەتكردنی پرسەكانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان. لەم یادەدا پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵی كارا و چالاكیان لە هەموو بوارەكانی ژیان و كۆمەڵگە و بە تایبەتی لەنێو دامەزراوەكانی حكوومەتدا دووپات دەكەینەوە.

ئافرەتان لە درێژایی مێژووی گەلی كوردستاندا ڕۆڵێكی دیار و بەرچاویان لە كۆمەڵگەكەدا هەبووە، لە قۆناغە سەخت و دژوارەكانی خەبات و تێكۆشانی كوردستاندا هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەر بوون و بەشداریی كاریگەریان هەبووە و خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە سەروەرین. لە دوای راپەڕین و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵی ئافرەتانی كوردستان لە هەموو كایەكانی حكوومڕانیدا دیار و بەرچاوە و كاریش دەكەین بۆ بەهێزتركردنی زیاتری پێگەی ئافرەتان لەناو حكوومەت بەپێی توانا و شایستەیی خۆیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێكی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردندا.

هیوادارم واژۆكردنی ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە هاوكار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی كۆدەكرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانكردنی كێشە و بەربەست و گرفتەكانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلكارییەكی مافی ئافرەتان و ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانیی جێندەری. ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو هێز و توانامان دژی هەموو پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەكین، بە تایبەتی توندوتیژی و كوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافەكانیان كە بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردستانیش وەك زۆر كۆمەڵگەی دیكەی دونیا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

ئەم توندوتیژییە بەهیچ شێوەیەك بە لای ئێمەوە مایەی قەبووڵكردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەكی گشتی. بەڕێزان ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و كاركردن بۆ پەرەپێدانی كولتووری یەكسانیی جێندەری ئەركێكی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە كۆمەڵگە بە گشتی و حكوومەت و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانكۆكان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان هەموومان بەیەكەوە كار لەسەر هۆشیاركردنەوەی تاك و خێزان بكەین و كاری جددی بكەین لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی و پەرەپێدانی كولتووری یەكسانی و بەیەكەوەژیان و یەكتر قەبووڵكردن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان باوەڕی تەواوی بە ستراتیژیەتی بەهێزتركردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و كاریشی بۆ دەكات. پێویستە پیاو و ئافرەت وەك یەك سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی لەبەردەمیاندایە بۆ ئەوەی كە ئەو دەرفەتانە بۆ هەموویان كە دەڕەخسرێن، هەروەها لە ئەرك و مافەكانیشیاندا بە شێوەیەكی یەكسان سوودمەند و بەهرەمەند بن. من جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن و ژیانێكی شاد و ئاسوودەتان بۆ دەخوازم. زۆر زۆر سوپاس.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە