لە دوێنێوە 21 بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون

لە دوێنێوە 21 بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون

پەیامی کورد... لە دوێنێوە 21 بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون

لە 24 کاتژمێری رابردوودا 21 بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون، کە بەهێزترینیان 5.4 پلەی رێختەر بووە.

بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا کە بوومەلەرزەکان لە سەرانسەری جیهان تۆماردەکات، لە دوێنێوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی 2ـی 2023، لە تورکیا و باکووری کوردستان 21 بوومەلەرزە تۆمارکراون.

19 لەو بوومەلەرزانە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان تۆمارکراون، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی مەرەش. دوو بوومەلەرزەش لە شاری هاتای تۆمارکراون.

هاوکات، بەهێزترین بوومەلەرزەی 24 کاتژمێری رابردوو لە شارۆچکەی سنجاقی سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان تۆمارکراوە کە گوڕەکەی 5.4 پلەی رێختەر بووە. گوڕی بوومەلەرزەرەکانی دیکە لە 4 بۆ 4.5 پلەی رێختەر بووە.

لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی دوایین ئامار، بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی باکووری کوردستان کە کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، زیاتر لە هەشت هەزار و 700 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە باکووری کوردستان و تورکیا نزیکەی 6234 کەس گیانیان لەدەستداوە و گەڕان لەژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانیش بەردەوامە، هاوکات نزیکەی 35 هەزار کەس بریندرابوون.

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، 2370 کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی سێ هەزار کەسیش برینداربوون.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە گۆڕانکارییان بەسەردابێت، بەتایبەتی کە ئێستا بە بەردەوامی؛ شەو و رۆژ گەڕان بە دوای تەرم و رزگاربووان لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە