ڤیلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لەپۆستەکەی دوورخستەوە و چەند گۆڕانکارییەکی دیکەشی لە کابینەی نوێی حکومەتەکەیدا ئەنجامدا.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، سێرگی شۆیگوی وەزیری بەرگری لە ئەرکەکانی دوورخراوەتەوە و وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دەستنیشانکراوە.
گوتەبێژی کرێملین ئاشکراشیکرد، ئاندری بێلۆسۆڤ وەک وەزیری نوێی بەرگری دەستبەکاردەبێت.
لای خۆشییەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە لاپەڕەی تەلەگرامی خۆی نووسیوویەتی، لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری رووسیا وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی فیدراسیۆنی رووسیا دەستنیشانکراوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر بریکاری وەزیری بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر گەندەڵییەکانی دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، پوتن سەرقاڵی رێکخستنی کابینەی پێنجەمی حکومەتەکەیەتی و تاوەکو ئێستا تەنیا وەزیری دەرەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوە لەپۆستەکانی خۆیاندا ماون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە