پەیامی کورد … شێوازی تەندروستی خەوی منداڵان بە پێی تەمەن
منداڵان بە پێی تەمەن، کاتژمێرەکانی خەوی بۆ دیاری دەکرێت، هەر لەبەر ئەمەشە پێویستە دایک و باوکان گرنگییەکی زۆر بدەن بە خەوی منداڵەکانیان، چونکە دانانی بەرنامەیەک بۆ تێرخەوی هۆکارە بۆ ئەوەی منداڵەکە لەسەرووی ٦ ساڵییەوە خووی پێوە بگرێت و گەشە و پشوودانەکانی ڕێک و بە پێی پێویست بێت.
لێرەدا بە پێی تەمەنەکان خەوی منداڵەکان دیاری دەکەین:
یەکەم: لە ١ ڕۆژی تا ٣ مانگی
بە گشتی لێرەدا منداڵ کە لەدایک دەبێت تا دەبێتە مانگێک بە ڕۆژ و شەو نزیکەی ١٥ تا ١٨ کاتژمێر بە پچڕ پچڕی خەوی پێویستە، بەڵام کە تەمەنی بووە دوو مانگ مەودای خەوەکەی درێژ دەبێتەوە لە ٤ بۆ ٦ کاتژمێر.
دووەم: لە ٣ مانگی تا ٨ مانگی
لەم کاتەدا زیاتر لە سێ لەسەر چواری خەوی منداڵان دەکەوێتە شەوان و ڕۆژانەش سێ تا چوار جار سەرخەو دەشکێنێت. ئیتر لە دوای پێنج مانگییەوە وردە وردە دەکرێت شێواز و کاتی خەوی منداڵ دیاری بکرێت.
سێیەم: لە ٨ مانگی تا ١٢ مانگی
لێرەدا منداڵ زیاتر بەیانیان زوو خەبەری دەبێتەوە، بۆیە پێویستە شەوان زوو بخەوێنرێت، چونکە لەم نێوەندەدا منداڵ دەبێت زۆرینەی شەوەکە خەوتبێت. کە بەیانیش زوو خەبەری بووەوە، پێویستە لە هەر یەک لە کاتژمێرەکانی ١٠ی بەیانی و ١ی نیوەڕۆ و ٤ی عەسر نزیکەی دوو سەعاتێک بخەوێنرێت.
چوارەم: لە ١ ساڵی تا ٣ ساڵی
لەم تەمەنەدا ئیتر خەوی بەیانیان واتە لە کاتژمێرەکانی ٨ تا ١٢ نامێنێت و تەنیا ڕۆژانە لە نێوان کاتژمێرکانی ١ی نیوەڕۆ تا ٥ی عەسر دوو سەعاتێک دەخەون. ئەگەریش دەزانن منداڵەکەتان ڕۆژانە کەمتر دەخەوێت، ئەوا پێویستە شەوانە زوو بخەوێنرێت و شەوان تەنیا بۆ میزکردن لەخەو هەستێنرێت.
پێنجەم: لە ٣ ساڵی تا ٦ ساڵی
لەم تەمەنەدا منداڵ زیاتر ٩ی شەو دەچێتە نێو جێگە و لە نێوان کاتژمێرەکانی ٦ تا ٨ی بەیانی لەخەو هەڵدەستێت. بۆیە دەبینین لەم تەمەنەدا خەوی ڕۆژانە کەمتر دەبێتەوە، بۆ ئەو منداڵانەی کە دەچنە باخچەی منداڵان و یا قوتابخانە پێویستە شەوان زوو بخەوێنرێن و بەمەش بەرنامەی خەویان بۆ دادەنرێت کە لە نێوان ٨ بۆ ١٢ کاتژمێر درێژ دەبێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە