چوار گوندی ناو ماستەرپلانی ھەولێر تاپۆ دەکرێن

چوار گوندی ناو ماستەرپلانی ھەولێر تاپۆ دەکرێن

بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنجی ھەولێر ئاشکرای کرد، نەخشەی کەرتی بۆ چوار گوندی ناو ماستەرپلانی ھەولێر ئامادە کراوە و مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە ھاووڵاتیان دەدرێت و دەشڵێ، ھەر ھاووڵاتییەک خانووەکەی بەر ماستەرپلان کەوتبێت قەرەبوو دەکرێتەوە و تاپۆکردنیش دەست پێ دەکات.

 

شێخ بەشدار بەرزنجی، بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنجی ھەولێر ڕایگەیاند: "چوار گوند لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی پێنج کێشەی دروستکردنی خانوویان ھەبوو، لەوانەش گوندەکانی گردەڕەشی گچکە و گردەڕەشی گەورە و گردمحەممەد و تۆبزاوای ئەحمەد، ئەوانە گوندن و لەبەر ئەوەی کەوتوونەتە ناو ماستەرپلانی شاری ھەولێره‌وه‌ و بوونەتە گەڕەک، پێشتر زۆربەی خانووەکانیان بە زێدەڕۆیی دروست کراون، ئێستا ئێمە نەخشەی کەرتیان بۆ دیاری دەکەین و ڕێکیان دەخەینەوە، لەبەر ئەوەی نەخشەی نەبوو، خۆی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانوو لەو سنوورە ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا ڕێک خراوەتەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و نۆژەنکردنەوە لە شارەوانی وەربگرن."

شێخ بەشدار بەرزنجی ڕاشیگەیاند: "لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر لیژنەیەک خەریکی تۆمارکردنی ناوی ئەو ھاووڵاتیانەیە کە خانووەکانیان بەر ماستەر و نەخشەی شارەوانی کەوتووە و ھەموویان لە سنووری خۆیان قەرەبوو دەکرێنەوە و مافیان پێ دەدرێتەوە، قۆناغی دواتریش تاپۆکردنی ئەو گەڕەک و گوندانە دەست پێ دەکات کە تاپۆیان نییە و ھەموویان تاپۆ دەکرێن."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە