نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى هێندووستان کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى هێندووستان کۆبووەوە

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى هێندووستان کۆبووەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/10/25 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە براشانت بایس باڵیۆزى هێندووستان لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە باڵیۆز کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانى نیشان دا، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بەتایبەتیش ڕەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى هێندووستانی دووپات کردەوە و سوپاس و ئەو دەرفەتانەى کرد کە تا ئێستا لەم بوارەدا لە هەرێمى کوردستان پێشکەشیان کردوون.

لاى خۆیەوە باڵیۆزى هندستان جەختى لەوە کردەوە کە هندستان بە بایەخ و گرینگییەوە لە پەیوەندییەکان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و لەگەڵ تیمى کونسوولخانەیان لە هەولێر بەرنامەیەکى چالاکیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکاری هاوبەش هەیە و کارى لەسەر دەکەن. هەروەها ئاماژەى بە کۆرسەکانى مەشق و ڕاهێنانى پیشەیى کرد کە لە عیراق و هەرێمى کوردستان پێشکەشیان دەکەن.

تاوتوێکردنى هەڵبژاردنەکانى عیراق و ئەنجامەکانى و چاوەڕوانى و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى داهاتووى فیدراڵى عیراق، تەورێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو. تیایدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەى کە بنیاتنانى سیستەمى دامەزراوەیى بۆ پاراستنى دیموکراسى، هەروەها پێگەیشتنى سیاسى و بەشداری دەنگدەر لە پرۆسەى دەنگداندا بۆ گۆڕانکاریى ئاشتیانە پێویستە و جەختیان لە گرینگی ئارامى و سەقامگیری عیراق بۆ تەواوى ناوچەکە کردەوە.

کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا وێڕاى جیاوازیی ئایینى و نەتەوەیى لە هندستان و هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى کۆتووبەندى سەفەر بۆ هندستان، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى لەگەڵ پرۆسەى ڤاکسین، گرینگی گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانیى نێوان هەردوولا و سەردانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى پزیشکى لە هندستان، کارى ڕەوندى هندستانى لە هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەش لە کۆبوونەوەکەدا خرانە بەر باس کە کونسوولى گشتی هندستان لە هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە