ڕێباز حەملان وەڵامی کەناڵی KNN دەداتەوە

ڕێباز حەملان وەڵامی کەناڵی KNN دەداتەوە

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی موچەی پۆلیسی پاسەوانی دەدات و رەتیدەكاتەوە بە وەزیری ناوخۆی وتبێت مووچەی ئەو هێزە بە سیستەمی نوێی مووچە دابەشنەكرێت.

 

لە روونكردنەوەکەی نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئاماژە بەوەش دراوە کە سیستەمی نوێی مووچە سەرچاوەكەی 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و 317 ملیار دیناری بەغدایە.

دەقی روونكردنەوەكە:

لە گەشتی هەواڵەكانی كەناڵی KNN راپۆرتە هەواڵێك بڵاوكرایەوە و تیایدا هاتبوو كە گوایە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری بە وەزیری ناوخۆی وتوە مووچەی هێزەكانی پۆلیسی پاسەوانی بە سیستەمی نوێی مووچە دابەشنەكرێت.

ئێمە لە نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری دارایی و ئابوری رایدەگەینین، ئەم راپۆرتە هەواڵە دوور لە ئیتیكی رۆژنامەوانیە و بێ بەڵگەیە بە بێ وەرگرتنی زانیاری و رای وەزارەتمان سەر لەبەری راپۆرتەكە دوورە لە راستی و لە كۆبوونەوەكە هیچ بابەتێكی لەو جۆرە باس نەكراوە.

هەروەها لەسەرەتای چاككردنی سیستەمی نوێی مووچە  وەزیری دارایی و ئابووری وتویەتی بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران 10 ملیار دینار  بۆ مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دانراوە بۆ پێداچوونەوە بە مووچە بە سیستەمی نوێ،  وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكردوە و لەسەر ئەو بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ سەرپشك كراوە بۆ دەستكاریكری سیستەمی نوێی مووچە.

بۆ وەبیر هێنانەوەش سیستەمی نوێی مووچە سەرچاوەكەی 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و 317 ملیار دیناری بەغدایە.

لە كۆتایدا  هیوادارین دامودەزگاكانی حكومەت و دەرونی مووچەخۆران تێكەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن  و ململانێی حزبی نەكرێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە