عەلی عەونی : شێخ لەتیف ناوێری باسی لاهوور و ئاراس و پاڤێل بکات پەلاماری پێشمەرگە دەدات

عەلی عەونی : شێخ لەتیف ناوێری باسی لاهوور و ئاراس و پاڤێل بکات پەلاماری پێشمەرگە دەدات

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە پێشمەرگە نەدۆڕاوە، بەڵکو ”سیاسییەکانی وەک حاکم شێخ لەتیف و ھاوسۆزەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە دا و خیانەتیان لێ کرد“.

پاش قسەکانی حاکم شێخ لەتیف، سەرکردە لە بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە. عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی قسەکانی حاکم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی دەنگ و ھێزی پێشمەرگەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەوانە خۆیان وەسفی خۆیان دەکەن، بۆیە نەک ئامادەن دەنگی پێشمەرگە، بەڵکو خودی پێشمەرگەش بسوتێنن“.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە روو: ”ئەو پیاوە نە حاکمە، نە شێخە و قسەی سواوی ئاراسی شێخ جەنگیی دۆڕاو دووبارە دەکاتەوە، کە دەڵێ پێشمەرگە سێڵفی دەگرێت، لەکاتێکدا ھێزی پێشمەرگە نزیکەی ٢ ھەزار شەھید و ٩ ھەزار بریندار ھەبووە، ئەم قسانە بێڕێزییەکە بەو قوربانییەی کە دراوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”پێشمەرگە لەلایەن سیاسی وەک شێخ لەتیف، ئاراس و لاھوور جەنگی و پاڤێڵەوە خیانەتیان لێ کرا، ئەگەر نا کەرکووک ھی ئەوە نەبوو بدۆڕێ و پێشمەرگە کەرکووکی نەدۆڕاند، بەڵکو لە پشتەوە خەنجەری لێ درا“.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە لێدوانێکدا دەڵێ: ” شێخ لەتیف لەجیاتی ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ پێشمەرگە بکات، ئەگەر ئازابوایە دەبوو لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ھاوئاستانەی خۆی بکات کە ئاراس و لاھوور جەنگی و پاڤێڵ تاڵەبانین، چوونکە ھەر گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ساختەکاری و تەشقەڵەیان بە پێشمەرگە و حزبەکانیش کرد، ئەو برادەرەش ناوێرێ باسی ئەوان بکات و ھاتووە پەلاماری پێشمەرگە دەدات“.

عەلی عەونی هێمای بۆ ئەوە کرد کە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی پێشمەرگە، داواکاری و ئومێدی ھەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستانە، چونکە ئەوانە دەیانەوێ کورد بازوو و مەچەکێکی پۆڵاینی وەک پێشمەرگەی نەبێ. دەشڵێت: ”ئەمەی گۆڕان ھەوڵی بۆ دەدەن، بەدیھێنانی خەونی ئەوان و داواکاریی ئەوانە، بۆ ئەوەی کورد ھیچ دەسەڵاتێکی نەبێت و ھەرکات عەرەبێکی چەکدار ھات، بتوانێ بە پەنجەی خۆی شارێ ھەڵسوڕێنێت، ئەوەی شێخ لەتیف دەیکات، جاشایەتییەکی بەلاشە و عێراق باوەڕی نەدەکرد جاشێکی وای دەست بکەوێت“.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە