پەیامی کورد ... پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پلانێکی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو ئاشکرا کرد و دەڵێ، لە کابینەی نوێدا یەکێک لە ھەنگاوەکانی پارتی دیارکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز دەبێت، کە پێشتر لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بۆ دەرکراوە.
بەھمەن کاک عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی بەپێی ئەو پلانەی لە کارنامەی لیستەکەیدا بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ڕابردوو ھاتبوو، لە چوار ساڵی داھاتوودا ھەموو ھەوڵێک بۆ چاکسازی دەدات."
کاک عەبدۆڵلا ڕایگەیاند : " کابینەی ھەشت بەرەو تەواوبوون دەچێت و خەریکی پێکھێنانی کابینەیەکی نوێین لە کوردستان. یەکێک لەو پرسانەی لە ھەگبەی پارتیدایە جێبەجێکردنی یاسای سندووقی نەوت و گازە کە لە لایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە."
بەھمەن کاک عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی داھاتەکانی نەوت و گاز دیاری دەکرێت. کابینەی ڕابردوو لەسەر دەستەکە نەگەیشت بە ڕێککەوتن، بەڵام لە داھاتوودا دانانی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقەکە یەکلا دەکرێتەوە، کە ھەموو داھاتەکان لە چوارچێوەی ئەو سندووقەدا کۆ دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی زۆر شەفاف مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە