ڕاگەێندراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەزارەتی بازرگانی لە سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل

ڕاگەێندراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەزارەتی بازرگانی لە سەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل

پەیامی کورد    ...    بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، جێبەجێكردنی بڕیاری رێگریكردن لە ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو، ئەرێنییە و چیتر رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی خراپ ھاوردە بكرێن و لە ھەرێمی كوردستان ساخ بكرێنەوە.

عەبدولڕەزاق ناوەندی، بەڕێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند : " بە هۆی بڕیاری رێگریكردن لە ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە بازاڕ كەم دەبێتەوە و ھاوردەكردنیش دیاریكراو دەبێت و ئۆتۆمبێل و فرۆشیاریش كەم دەبنەوە، بۆیە رەنگە ئەمە زیان بە كۆمەڵێك خەڵك بگەیەنێت كە ژیانیان لە ئاستێكی نزمدایە، بەڵام لە ڕووی كوالێتییەوە زۆر بڕیارێكی باشە و چیتر ئۆتۆمبێلی خراپ رێگەی پێ نادرێت ھاوردە بكرێت".

ناوەندی ڕوونیشی كردەوە: "ئەم بڕیارە، نابێتە ھۆی ئەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە ھەرێم بەرز ببێتەوە، چونكە هەرێمێك بێت دانیشتووانەكەی پێنج ملیۆن بێت و نزیكەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدا بێت، كە ھەردوو كەس بە منداڵ و بەتەمەنەكانەوە و ئەوانەی لە بەندیخانەشدان، ئۆتۆمبێلێك زیاتریان بەردەكەوێت، مەحاڵە نرخی ئۆتۆمبێل بەرز ببێتەوە".

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەردەوام لە ھەرێمی كوردستان گلەیی ئەوە دەكرا كە پێویستە سنوورێك بۆ ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دابنرێت و ناكرێت سنوورەكان واڵا بن و بازرگانانیش بە ئارەزووی خۆیان ھەر جۆرە ئۆتۆمبێلێكیان بوێت، ھاوردەی بكەن و لە بازارەكانی ھەرێمی كوردستان ساخی بكەنەوە، ھەر بۆیە وەزارەتی دارایی بڕیاری دا چیتر رێگە نەدرێت ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتوو ھاوردەی ھەرێمی كوردستان بكرێت، ئەم بڕیارەش لە سەرەتای ئەم مانگەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە