رۆژهات ئامەدی سیاسەتوانی باكووری كوردستان بۆ گوڵان: دژایەتیكردنی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان پلانی تێكڕای ناحەزانی كوردستانە و پەكەكە بەوەكالەت بۆیان جێبەجێ دەكات

رۆژهات ئامەدی سیاسەتوانی باكووری كوردستان بۆ گوڵان: دژایەتیكردنی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان پلانی تێكڕای ناحەزانی كوردستانە و پەكەكە بەوەكالەت بۆیان جێبەجێ دەكات

پەیامی کورد    ...    دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی بانگەشەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت راگەیاند، پەكەكە دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان ئاشكرا كرد


ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بۆتە هیوای هەر كوردێك لە هەر چوار پارچەی كوردستان و تێكڕای رەوەندی كوردستان لە هەندەران، هەر بۆیە كاتێك هێزێكی وەك پەكەكە بە ئاشكرا هەوڵدەدات كێشە و ئاستەنگ بۆ سەركەوتنی ئەم ئەزموونە دروست بكات و باری ئاسایش و سەقامگیری تێك بدات و ئاژاوە و ناسەقامگیری بنێتەوە، ئەوا ئاشكرایە ئەم رەفتارەی پەكەكە تەنیا دژی لایەنێكی دیاریكراوی سیاسی نییە، بەڵكو دژی ئامانجی هەر كوردێكە لە هەر كوێیەكی ئەم جیهانە بێت. ماوەیەكە سەرانی پەكەكە لە قەندیلەوە هەڕەشە لەم ئەزموونە سەركەوتووەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەوڵیانداوە هێزێك لە ناو خاكی هەرێمدا بۆ ئاژاوەنانەوە دروست بكەن و زەمینەیەك بێننەئاراوە كە شەڕی كورد- كورد دروست بكەن، هەرێمی كوردستان كە هەموو كات هەوڵیداوە یەكڕیزی ناوماڵی كوردستان پتەو بێت و دووبەرەكی نەكەوێتە نێوان ریزەكانی و لە هەمان كاتدا وەك دەوڵەتێكی دیفاكتۆش پەیوەندیی باشی لەگەڵ دراوسێكانی هەبێت، بەردەوام هەوڵیداوە شەڕ و گێچەڵی پەكەكە بە شێوازێكی دوور لە شەڕ چارەسەر بكات، بەڵام دیارە پەكەكە بە دەست لە پشتدانی ناحەزانی گەلی كوردستان ناتوانێت واز لەو ئاراستە هەڵەیە بهێنێت، بۆیە گرنگە هاووڵاتیانی كوردستان زۆر راشكاوانە لە ئامانج و شەڕفرۆشتنی بە هەرێمی كوردستان تێبگەن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ رۆژهات ئامەدی سیاسەتمەداری باكووری كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.


* پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان دەكرد، بەڵام ئێستا خۆی دژایەتی بیری نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەكات، ئایا هەر لەسەرەتاوە شتێك لای پەكەكە هەبووە بە ناوی بیری نەتەوەیی و دەوڵەتی كوردستانەوە؟
- هەر لەساڵی 1979وە كە پەكەكە دامەزراوە، ئامانجی زوڵاڵ بووە و دژی ستراتیژیەتی پێشكەوتنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووە و هەوڵیداوە كە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی سەرنەكەوێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی هزری نیشتمانی و نەتەوەیی رەنگدانەوەی خەباتی رێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و هەر ئەوان نوێنەرایەتی ئەو ئاراستەیەیان كردووە، بۆیە پەكەكە هەمیشە دوژمنایەتی پارتی و رێبازی بارزانی كردووە، بەڵگەش لەسەر ئەمە بەم ساڵانەی دوایی یەكێك لەوانەی ماوەی چەندین ساڵ خۆی بە مامۆستای پەكەكە دەزانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ئەویش پڕۆفیسۆر (یەڵچین كوچان) كە بە رەچەڵەك توركە، ئەم كابرایە دوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان گەڕایەوە توركیا و وتی: كاری من تەواو بوو. واتە ئەوەی مەبەستم بوو ئەنجامم دا، پاشان (یەڵچین) لەسەر پرسی (ئەرگەنەكۆن) دەستگیركرا و لەبەردەم دادگا باسی رابردووی خۆی كردو لێیانی پرسی: «ئێوە چیتان لەمن دەوێت؟ من ئەوەی لەدەستم هات بۆ توركیا كردم و توانیم گەنجی كوردی توركیا لە خەتی بارزانی دووربخەمەوە و لە پێناوی دیموكراسیی توركیا گیانی خۆی لە دەست بدات، لەم كارەدا سەركەوتووش بووم.» ئەوجا لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەستپێكی پەكەكە كە باسی ئەوەی دەكرد، خەبات بۆ رزگاركردنی كوردستانی گەورە دەكات، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ئەو راستییە دەركەوت كە ستراتیژیەتی پەكەكە خزمەتی كوردو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ناكات، هەر بۆیە دوای ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی بانگهێشتی دەوڵەتبوونی بۆ كوردان كرد و بووە ئەمری واقیع، ئەوجا پەكەكە دوچاری ئیحراجییەكی گەروە بوو و ناچار بوو ئامانجە راستەقینەكەی خۆی ئاشكرا بكات و رایگەیاند: ئامانجی ئێمە دژی ئەوەیە دەوڵەت بۆ كورد دروست بێت و كورد پێویستی بە دەوڵەت نییە، كورد پێویستی بە نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەریی نییە، هەروەها ئەوا وەك ئەو واقیعەی ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەوا وەك دەبینین (پەیەدە) كە جۆرێك پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەیە، لە سەرەتادا كە ئەوان لەژێر كاریگەری پەكەكە بوون، ئەوانیش دژی دروستبوونی دەوڵەت و كوردپەروەری بوون، هەر بۆیەش لە سەرەتادا سیستمی (كانتۆنیان) دامەزراند، ئاشكراشە ( كانتۆن) نە ( ناوچەیەكی ئۆتۆنومی)یە، نە (هەرێمێكی فیدڕاڵی) بەڵكو سیستمی ئەیالەتە كە كاتی خۆی (پۆل بریمەر)ی حاكمی مەدەنی عێراقیش سیستمی (فیدڕاڵیی پارێزگاكان)ی بۆ عێراق پێشنیار كرد، تەنانەت خوالیخۆشبوو مام جەلالیش كە ئەوكات سەرۆك كۆماری عێراق بوو، ئیمزای كردبوو، بەڵام سەرۆك مسعود بارزانی رەتیكردەوە و سیستمی (فیدڕاڵیی پارێزگاكان)ی قبووڵ نەكرد، ئەوجا كاتێك ئێران و رووسیا و توركیا لە سووریا شكستیان هێنا، خەریك (پەیەدە)ش شكستێكی گەورە بخوات، بەڵام ئەوە بوو رۆژئاوا و ئەمریكا بە هانای كوردەوە هاتن نەك پەیەدە، بە هۆی ئەوەوە پەیەدە رزگاری بوو. ئێستا ئەمریكا و رۆژئاوا خەریكی ئەوەن كە پەیەدە لە بیری پەكەكە دووربخەنەوە، هەر بۆیە لە ئێستادا ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین پەیەدە وەك پێشان لە ژێر كاریگەریی پەكەكە نەماوە، هەر بۆیە سیستمی كانتۆنیان كۆتایی پێ هێنا و، ئێستا فیدراسیۆنێكیان دامەزراندووە بە ناوی (فیدراسیۆنی باكووری سووریا)، كەواتە ئێستا دەتوانین بڵێین دوای ئەوەی پەكەكە لەسەر ئاستی كوردی توركیا قبووڵ نەكرا و لە رۆژئاواش لێی دوور كەوتنەوە، ئێستا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان كێشە دروست بكات.
* لایەنێكی دیكە لە ژیانی سیاسی پەكەكە ئەو ئایدیۆلۆژییە چەپە رادیكاڵیە كە هەموو حزبێكی سیاسی لە كوردستان رەتدەكاتەوە و رای دەگەیەنێت كە لەگەڵ بوونی ئەو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەست پێ دەكات، ئایا هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا پەكەكە چەند دژایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی كردووە؟
- راشكاوانە دەتوانم ئەوە بڵێم كە لە سەرانسەری هەر چوار پارچەی كوردستان (باكوور، باشوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات) هیچ پارت و تەڤگەرێك نەماوە كە تووشی شەڕی پەكەكە نەهاتبن و پەكەكە شەڕی پێ نەفرۆشتبن، لە هەندێك كاتدا پەكەكە وا خۆی پیشانداوە كە لەگەڵ بەشێك لە (ینك) پەیوەندی هەبووە، بەڵام خودی (ینك)یش لەشەڕ و گێچەڵی پەكەكە بەدوور نەبووە، ئەم ئاراستەیەی پەكەكە لەگەڵ ستراتیژیەتی دروستبوونی پەكەكە یەك دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەیاننامەیەكیان دەركرد و تیایدا رایانگەیاندبوو «بۆ سەركەوتنی پەكەكە دەبێت هێزە فیوداڵەكان (ئاغا و دەرەبەگەكان) نەمێنێت.» ئەوجا لەو بەیاننامەیەدا ناوی هێزە فیوداڵەكانی هێنابوو كە بریتی بوون لە پارتەكانی (رزگاری، كاوە، پارتی، تیكۆشین، حەسەكە و...هتد). هەر دوای دەركردنی ئەم بەیاننامەیەش لە باكووری كوردستان دەستیكرد بە شەڕ و تەسفیەی حزبەكان و، تەنیا لە ساڵانی 1979-1980 زیاتر لە 200 گەنجی كورد لە باكوور هاتنە كوشتن، لەگەڵ ئەوەی ئەوكات هیچ یەك لەو حزبانە هێزی چەكداریان نەبوو، بەڵام وێڕای ئەوەش زیاتر لە 200 گەنجی كوردیان كوشت، خۆ ئەگەر ئەو حزبانە هێزی چەكداریان هەبوایە، ئەوا لەوانە بوو بە هەزاران گەنجی كورد بكوژرێن و ببن بە قوربانی ستراتیژە هەڵەكەی پەكەكە.
* لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2015ی توركیا، زەمینەیەك هاتبووە پێشەوە كە كوردانی توركیا توانییان زیاتر لە 80 كورسی بە دەست بهێنن، بەڵام پەكەكە شەڕی بردە ناو توركیا و لە دەوروبەری ئامەد شەڕی خەندەقی دەست پێكرد، بەمەش گورزێكی كوشندەی لە مافەكانی كوردی توركیا وەشاند، ئایا ئەگەر پەكەكە مەبەستی ئەوەیە مافی كوردی توركیا بەدەست بهێنێت، بۆ وڵاتەكە وێران دەكات؟
- بێگومان هەدەپە كە وەك باڵی سیاسیی پەكەكە ناسراوە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2015ی توركیا توانی 81 كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت، ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ هەدەپە، لەبەر ئەوەی بەربەستی رێژەی 10%ی تێپەڕاندبوو و دەیتوانی وەك فراكسیۆنێكی پەرلەمانی و خاوەن 81 كورسی لە پەرلەمانی توركیا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت، لەمەش زیاتر لەو كاتەدا (ئاك پارتی) ئامادە بوو كە وتووێژ لەگەڵ كورد بكات، لەبەر ئەوەی بە نیازی ئەوە بوو سیستمی سیاسی توركیا بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی و خۆی سەرۆك كۆماری توركیا بێت، هەر بۆیە ئەگەر لەو كاتەدا (هەدەپە) ئامادە بوایە گفتوگۆ لەگەڵ (ئاك پارتی) بكات و پێی بڵێت: ئێمە ئامادەین پشتگیریتان بكەین بۆ ئەوەی سیستمی توركیا ببێت بە سەرۆكایەتی، بەڵام ئێوە لەبەرامبەر ئەمە چی بۆ كورد دەكەن؟ من پێموایە ئەمە كاریگەرییەكی ئەرێنی دەبوو، راستە ناتوانین بڵێین كوالیس یلنێكی راستەقینە دروست بوو، بەڵام ئاكامەكەی زۆر زۆر لە شەڕی خەندەق باشتر دەبوو، لە بەرامبەر ئەمەدا (هەدەپە) بە بڕیاری سەرانی پەكەكە لە (قەندیل) دیالۆگی لەگەڵ ( ئاك پارتی) رەتكردەوە و رایانگەیاند: ئێمە نامانەوێت سیستمی توركیا ببێتە سەرۆكایەتی و ئەردۆگان ببێتە سەرۆك كۆماری توركیا، ئەم دروشمە لە بنەڕەتدا دروشمی هەدەپە نەبوو، بەڵكو دروشمی (جەهەپە) بوو كە ئێستا خەریكە دەبێتە خۆشەویستی كورد، هەروەها دروشمی ئێران بوو، كە ئەوكات لەگەڵ توركیا ناكۆكییان هەبوو، هەروەها دروشمی گرووپەكەی فەتحوڵا گولەن-یش بوو، سەرەنجام قەندیل بڕیاری دا شەڕ بكەن، ئەوە بوو شەڕی خەندەق دەستی پێكرد، لەم شەڕەدا جیا لەوەی ماڵی كوردانی باكوور وێران بوو، لە هەمانكاتدا زیاتر لە 7هەزار گەنجی كورد لەو شەڕەدا كوژران، نزیكەی نیو ملیۆن كورد لە ناوچەكانی (سلۆپی و شرناخ و جزیرە و ئامەد) دەربەدەر بوون و روویان كردە ئەستەنبووڵ و شارە توركنیشەكانی دیكەی توركیا، شەڕەكە گورزێگی ئەوتۆی لە كوردی باكوور وەشاند، هەر ماوەیەك دوای شەڕی خەندەق یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل گوتبووی: «شەڕی خەندەق شەڕێكی هەڵە بوو»، بەڵام ئێستا هەمان هەڵە و تاوان، پەكەكە دەیەوێت لە هەرێمی كوردستان دووبارە بكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی هێزێكی دروست كردووە بۆ ئەوەی هەمان شەڕ لە دژی هەرێمی كوردستان دروست بكات، بە راستی ئەمە زۆر ترسناكە بۆ هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكە چۆن شەڕی خەندەق لە ناو توركیا بە پیلان و دەستی هێزەكانی دیكەشی لەپشت بوو، ئەمەی كوردستانیش پیلانێكی دیكەیە كە هێزی دیكەی لە پشتەوەیە و پەكەكە بۆیان جێبەجێ دەكات، بۆیە گرنگە ئەم هەنگاوانەی پەكەكە دژی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە شەرعییەكانی بە جددی سەیر بكرێت و خەڵكی كوردستان لەوە تێبگەن كە ئەمە مەترسییەكیگەورەیە.
* باس لەوە دەكرێت كە ئێستا پەكەكە لەناو كوردانی توركیا جەماوەری كەم بۆتەوە و ئەوانیش بۆیان دەركەوتووە كە پەكەكە خەبات بۆ كوردانی توركیا ناكات، ئایا تاچەند ئێستا لە ناو كوردانی باكووردا پەكەكە رەتدەكرێتەوە؟
- دوای ئەو سیاسەتە هەڵەی شەڕی خەندەقی پێ كرا و ئەو كارەسات و ماڵوێرانییەی بەسەر كوردانی باكوور هات، ئاستی جەماوەری هەدەپە لە 11% بۆ 5%دابەزی، بەڵام سیاسەتی شكستخواردووی ئەردۆگان و ئاك پارتی بە رێككەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ داگیركردنەوەی كەركووك و هەروەها داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە، كوردی باكووری تووڕە كرد، بۆیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا دەنگی خۆیان دایەوە بە هەدەپە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم دەنگدانە لە خۆشەویستیی پەكەكە نەبوو، بەڵكو لەبەر ئەوە بوو كورد لە ئاك پارتی و ئەردۆگان تووڕە بوو، ئێستاش وەك دەبینین تەنیا لە شاری ئەستەنبووڵ شەش ملیۆن كورد دەژین، ئەمجارەش لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئەستەنبووڵدا دەنگیان بە كاندیدەكەی (جەهەپە) دا، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە كە جەهەپە لای كورد خۆشەویست بێت، بەڵكو پەیامێك بوو لەلایەن كوردەوە بۆ ئەردۆگان و پیێان گوت، لەبەر ئەوەی تۆ زوڵمت لە ئێمە كرد، هەر بۆیە ئەگەر ئەو هۆكارانە نەبوایە، كوردی باكوور دەنگی خۆی نەدەدا نە بە هەدەپە، نە بە جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبووڵدا.
* كوردانی رۆژئاوا بەشێكی زۆری كە بە نزیكەی 250 هەزار كەس مەزندە دەكرێن لە ترسی رەفتارە ناشیرینەكانی پەكەكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ئێستا و دوای تەواوبوونی مەترسی داعش ناوێرن بگەڕێنەوە رۆژئاوا، پرسیار ئەوەیە پەكەكە زیاتر لە هەزاران گەنجی كوردی لە شەڕەكانی داعش بە كوشت دا، ئێستاش كورد ناوێرێت لە ترسی پەكەكە بگەڕێتەوە، ئایا ئەمە تاچەند خزمەتی داگیركارانی كوردستان دەكات؟
- بە بڕوای من، بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم گۆڕانكارییەكی گەورەدایە، كاتی خۆی (پەیەدە) وەك دەزگایەكی ئێرانی و مالیكی و رووسی رەفتاری دەكرد و زوڵمێكی زۆری لە كوردی رۆژئاوا كرد، هەر بۆیە بەشی هەرە زۆری كوردانی رۆژئاوا وڵاتی خۆیان چۆڵ كرد و ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر و هەرێمی كوردستان و بەشێكیشیان ئاوارەی دەوڵەتانی رۆژئاوا بوون. هەر بۆ نموونە: زیاتر لە 300 هەزار كوردی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستانن، زیاتر لە 300 هەزاری دیكەش لە توركیان و ئەوەندەی دیكەشیان روویان لە ووڵاتانی ئەوروپا كردووە، هەموو ئەم خەڵكەش لەبەر بێزاربوونیان لە سیاسەتی پەكەكە كە لەناو پەیەدە رەنگدانەوەی هەبوو، وڵاتی خۆیان بەجێهێشت، بەڵام واقیعی ئێستای رۆژئاوا واقیعێكی دیكەیە و قۆناخێكی دیكە لە رۆژئاوا دروست بووە كە تیایدا فەرمانڕەوای رۆژئاوا نە (پەیەدە و نە ئێران و نە رووسیا) نین، بەڵكو فەرمانڕەوای راستەقینە (ئەمریكا و فەرەنسا)ن، ئامانجی بنەڕەتی ئەمریكا و ئەوروپاش لە رۆژئاوای كوردستان، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بوو، كە ئێستا 90%ی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كۆتایی هاتووە، لەم شەڕەدا نزیكەی 15 هەزار گەنجی كورد شەهید بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا (پەیەدە) فەرمان لە سەرانی پەكەكە لە قەندیلەوە وەرناگرێت، خەرێكە ژێرخانێك بۆ قەوارەیەكی كوردی لە رۆژئاوا دروست دەبێت و هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان كوردانی رۆژئاوا بێتەئاراوە، هەروەها دەرفەتێك دروست بووە بۆ ئەوەی زەمینەیەك دروست بكەن، كوردانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، لە ئێستادا سەرانی پەكەكە لە قەندیل چەندین جار داوایان لە سەركردایەتی ئێستای پەیەدە كردووە، بەتایبەتی (مەزڵووم كۆبانی) كە سەردانی قەندیل بكات، بەڵام ئەو داوایەكەی رەتكردووەتەوە و، زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە دەكات و تەنانەت لەناو رۆژئاواش بۆ هەموو شوێنێك ناچێت، بۆیە لێرەدا دەكرێت بڵێین، ئەگەر پەیەدە خۆی لەژێر كاریگەریی سەرانی قەندیل رزگار بكات، وەك ئێستا بە كاریگەری فەرەنسا و ئەمریكا كردوویەتی، ئەوا شەڕ و گێچەڵی پەكەكە لە رۆژئاوا كۆتایی دێت و ئاشتی دەگەڕێتەوە ئەو پارچەیەی كوردستانیش.
* شێوازێكی دیكەی پەكەكە لە دروستكردنی چەكدارەكانی رفاندنی كوڕ و كچی مێرمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵانە لە كوردستان و پاشان رێگەیان لێ دەگرێت پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن، هەروەها بڕواشیان بە پرۆسەی هاوسەرگیری نییە، ئایا تاچەند رەفتارەكانی پەكەكە شیرازەی خێزان و دابونەریتی كوردانەی تێكداوە؟
- پێویستە راستییەك هەیە، راشكاوانە پەنجەی بخەینەسەر، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت بزانین كەس لەبەر برسێتی رووی نەكردۆتە ووڵاتانی ئەوروپا، بەڵكو جۆرێك لە گۆشەگیری ئازادی كۆمەڵایەتی هەیە، ئەمە تەنیا كێشەی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو كێشەی هەر چوار پارچەی كوردستانە، بۆیە رێكخراوێكی وەك پەكەكە كە خۆی هەست دەكات كەس بە ئارەزوومەندانە ناچێتە ریزەكانی، ئەم دەرفەتەی قۆستۆتەوە و دەڵێت وەرن من (ئەو ئازادییەتان بۆ فەراهەم دەكەم). بۆیە گەنجانی باكوور و رۆژئاوا بەو ئامانجە روو لە پەكەكە دەكەن، بەشێك لە گەنجانی باشووری كوردستانیش دەچنە ناو پەكەكە بۆ ئەوەی بەو رێگەیە بگەنە ئەوروپا، ئەمەش مانای ئەوەیە پەكەكە هەوڵیداوە سوود لە هەستی ناخۆشی ئەو خەڵكانە وەربگرێت و هەڵیانبخەڵەتێنێت. ئەمەش رەفتارێكی زۆر خراپە و بێجگە لە پەكەكە هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی كوردستان پەنای بۆ ئەم كارە ناشیرینە نەبردووە، لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بكەین، ئەو خەڵكانەشی پەیوەندی بە پەكەكەوە دەكەن، دوای ماوەیەكی كورت تێدەگەن پەكەكە ستراتیژیەتی چییە، بۆیە لێی دوور دەكەونەوە، هەر بۆ نموونە تەنیا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 3000 كچ و زیاتر لە 5000 پیاو كە پێشتر چەكداری پەكەكە بوون، وازیان هێناوە و ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، ئەمە بێجگە لەوانەی گەڕاونەتەوە توركیا، یان چوونەتە هەندەران، ئەگەر لەسەر ئەم ئامارە سەیر بكەین، هیچ رێكخراوێكی سیاسی نییە كە بەو ئاستە ئەندامەكانی وازی لێ بهێنن، بۆیە لەم حاڵەتەدا پەكەكە ناچارە پەنا بۆ هەر رێگەیەك بەرێت بۆ ئەوەی چەكداری تازە بۆ خۆی پەیدا بكات، بەتایبەتی گەنجانی كوڕ و كچی تەمەن 14- 15 ساڵ، بەڵام وەك لە چەند رۆژی رابردوو بینیمان، پەیەدە ئێستا دژی ئەوەیە كە ئەو گەنجە هەرزەكارانە بكاتە چەكدار، بۆیە رێككەوتنێكی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئیمزا كردووە، كە نابێت كەسێك تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بێت، لەناو لەشكری پەیەدە بمێنێت.
* لە كاتیكدا پەكەكە هەتا ئێستا نەیتوانیوە گوندێكی كوردستانی توركیا ئازاد بكات، بەڵام شەڕ بە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت و ئامانجی ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕووخێنێت، ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگەی ئومێدی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستانە، ئایا پەكەكە بۆ خزمەتی كێ دژایەتی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكات؟
- پێشتر لەسەر ئەم پرسە قسەم كردو جارێكی دیكەش دووبارەی دەكەمەوە، دژایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆچوون و ئاراستەی پەكەكە نییە، بەڵكو ئەمە ئاراستەی دەوڵەتانی ئیقلیمی و خەڵكانێكی داخ لەدڵ و فاشیلی باشووری كوردستانیشە كە ئامانجیان ئەوەیە ئەم حكومەتەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت. راستە لەناو سەركردایەتی ئێستای پەكەكە لە قەندیل كۆمەڵێك سەركردەی چەپی رادیكاڵی ستالینی بوونیان هەیە و ئەگەر بۆیان بكرایە لە 24 كاتژمێردا هەوڵیاندەدا پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەهێڵن، بەڵام ئەمەیان بۆ ناكرێت، بۆیە لەگەڵ هێزەكانی تارانیش هەوڵیاندا هاوكاری بكەن و پێكەوە كاردەكەن، ئەزموونی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستان بۆتە هیوا و ئومید بۆ كوردانی هەر چوار پارچە و هەروەها تێكڕای رەوەندی كوردیش لە هەندەران، بۆیە ئەوان دەیانەوێت ئەم ئەزموونە نەمێنێت بۆ ئەوەی كورد بێ هیوا بێت، بۆیە گرنگە هەموو لە ئاستی ئەم پیلانە هەمەلایەنەیە هۆشیار بین كە بەوەكالەتی زۆر لایەن دەیانەوێت دژی هەرێمی كوردستان بە پەكەكەی جێبەجێ بكەن.

ئەم بابەتە 12030 جار خوێندراوەتەوە