ئۆچا: شاری کۆبانێ لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و مەدەنییەکان هەڕەشەی کەمیی پێداویستییەکانیان لەسەرە

Dîroka Belavkirin :
ئۆچا: شاری کۆبانێ لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و مەدەنییەکان هەڕەشەی کەمیی پێداویستییەکانیان لەسەرە
پەیامی کورد- کۆبانێ... ئۆچا: شاری کۆبانێ لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و مەدەنییەکان هەڕەشەی کەمیی پێداویستییەکانیان لەسەرە

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا)، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، شاری کۆبانێ لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و مەدەنییەکان لەبەر کەمیی پێداویستییەکان لەژێر هەڕەشەدان.

ئۆچا لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوبەشە مرۆییەکان کە لە شاری کۆبانێ لە پارێزگای حەلەبی سووریا کار دەکەن "نیگەرانن لە مەترسیی تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی لەوێ".

ڕاشیگەیاندووە کە "لە ئێستادا هەموو ئەو ڕێگایانەی بەرەو کۆبانێ دەچن داخراون".

ئۆچا ڕوونی کردەوە کە "پچڕانی تەزووی کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت ڕێگری لە گەیشتنی دانیشتووان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات".

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "هاوبەشەکان لە بواری مرۆیی دەستیان کردووە بە ڕاپۆرتکردن لەسەر کەمیی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "دامەزراوە تەندروستییەکان هێشتا کار دەکەن، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لە کەمیی دەرمان دەکەن".

ئەوەشی خستە ڕوو کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان "خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حەلەب سەبارەت بە ڕێگاکانی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئەگەری".

ئۆچا جەختی کردەوە کە "نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی کار دەکەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی زیاتر و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی حەلەب، ڕەققە، حەسەکە و دێرەزوور.

ڕوونیشی کردەوە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی و هاوبەشەکانی "پێداویستی پزیشکی و خزمەتگوزارییە گەڕۆکەکانی خۆراک و چاودێریی ڕزگارکردنی ژیان بۆ برینداران، منداڵان و ژنانی دووگیان دابین دەکەن".