پەیامی کورد- قامیشلۆ... بەڕێوەبەریی خۆسەر هۆشداری لە "هەواڵی هەڵبەستراو" دەدات و جەخت لە پابەندبوونی بە ئاگربەست و تێکەڵبوونەوە دەکاتەوە
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە، داوای لە دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد وریای هەموو ئەو هەواڵانە بن کە دەربارەی "کۆمەڵکوژی لە حەسەکە" بڵاودەکرێنەوە، چونکە پەیوەندییان بە لایەنی "تێکدەر"ەوە هەیە کە ئامانجیان پابەندنەبوونە بە ئاگربەستەوە.
پێشتر و لە دوێنێ یەکشەممەدا، ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی سووریا، واژۆکردنی ڕێککەوتنی "ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی لە سەرجەم بەرەکان و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزە حکومییەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات" ڕاگەیاندبوو.
ئیلهام ئەحمەد لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لە بەرزترین ئاستدا وریابن، هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە کۆمەڵکوژی لە حەسەکە دەکەن، بەتەواوی هەڵبەستراون و ناڕاستن."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەواڵانە "لە لایەن سەرچاوەی سەر بە لایەنی تێکدەرەوە ئاڕاستە دەکرێن بە مەبەستی پابەندنەبوون بە ئاگربەست، نانەوەی فیتنە و گرژیی عەشایەری و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر حەسەکە و کۆبانێ."