دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کورد لە "ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا"

Dîroka Belavkirin :
دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کورد لە "ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا"
پەیامی کورد... دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کورد لە "ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا"

ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی کورد لە سووریا، دوێنێ یەکشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە "ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا" ڕاگەیاند، و ئاماژەیان بەوە کرد کە هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ "لادان لەو بەها و پرەنسیپانەی کە ڕابیتەکەی لە پێناودا دامەزراوە" دەگەڕێتەوە.

ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە ئەنجامی دوایین بەیاننامەی ڕابیتەکە بوو سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە حەلەب ڕوویان دەدا؛ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە ٢٠ ڕۆژنامەنووسی ژن و پیاو بوون.

دەستلەکارکێشاوەکان پێیان وایە کە دوایین بەیاننامەی ڕابیتەکە سەبارەت بە ڕووداوەکانی شاری حەلەب "ناکرێت بە پیشەیی یان ئەخلاقی دابنرێت؛ چونکە بەیاننامەیەکی سیاسی، لایەنگر و یەکلایەنە بووە، و بە ئاشکرا چاوی پۆشیوە لە پێشێلکارییە ترسناکەکان و بە ئامانجگرتن و بۆردومانی هەڕەمەکی کە خەڵکی سڤیل و ڕۆژنامەنووسانی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کردووەتە ئامانج، کە ئەمانەش ڕاستیگەلێکی بەڵگەدارکراون و هیچ لێکدانەوە یان پاساوێک هەڵناگرن."

ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە دەقی دەستلەکارکێشانەوەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: "ئێمەی واژۆکارانی خوارەوە، ئەندامانی ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سووریا، دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی خۆمان ڕادەگەیەنین، دوای گەیشتن بە قەناعەتێکی تەواو کە ڕابیتەکە لەو بەها و پرەنسیپانەی لەسەری دامەزراوە لایداوە، و چیتر وەک چەترێکی پیشەیی سەربەخۆ ڕۆڵی خۆی نابینێت لە بەرگریکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری، کەرامەتی ڕۆژنامەنووسان و سەربەخۆیی کارە میدیاییەکان."

هەروەها وتیشیان: "لە ماوەی ڕابردوودا شاهیدی گۆڕانکاری بووین لە گوتار و ممارەساتی ڕابیتەکەدا، لە چوارچێوەیەکی پیشەیی کە بڕیاربوو بێلایەن بێت بەرامبەر دەسەڵاتە جیاوازەکان، بۆ هەڵوێستێکی لایەنگری سیاسی، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە وڵات بەدەست دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەناڵێنێت و سنووردارکردنی کارە میدیاییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە."

لە درێژەی قسەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە: "سەرپێچییەکی ڕوونمان لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕابیتەکەدا بەدیکرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە قەدەغەکردنی گوتاری ڕق وکینە و هاندانەوە هەیە، چونکە چاوپۆشی لە هەندێک ڕەفتار و لێدوان و نووسینی هەندێک لە ئەندامان کراوە، کە بە ئاشکرا لەگەڵ ئەخلاقیاتی پیشەی ڕۆژنامەگەری و بنەما گشتییەکانی کاری سەندیکایی ناکۆکن."

لە کۆتاییدا ڕوونیان کردەوە کە مانەوەیان وەک ئەندام لە ڕابیتەکەدا چیتر گوزارشت لە خواستەکانی ڕۆژنامەنووسانی سووریا ناکات، و پارێزگاری لە سەربەخۆیی پیشەیی ئەوان ناکات و پابەندی پەیڕەوی ناوخۆی ڕابیتەکە نییە.