پەیامی کورد ... دەقی ووتەکانی مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی هەولێر-گۆمەسپان
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-گۆمەسپانی کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و لە کاتێکی پێوانەیی دا جێبەجێ کراوە. مەسروور بارزانی، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) و تەواوی ئەندازیاران و فەرمانبەران کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گەورەیە.
دەقی ووتەکانی مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی هەولێر-گۆمەسپان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
پێش هەموو شتێک شوکر بۆ خوا کە دەرفەتی پێ داین بتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەشی خەڵکی هەموو کوردستان بکەین بە تایبەتی خەڵکی شاری هەولێری خۆشەویست و دەورووبەری. سوپاسێکی بێ پایانی هێمن گرووپ دەکەم کە وەک هەمیشە لە کاتێکی پێوانەیی، بە شێوازێکی زۆر جوان و ستانداردێکی نێودەوڵەتی توانیان ئەم پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بکەن و بیخەنە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
لێرەدا بە تایبەت دەمەوێ دەستخۆشی لە ئەندازیاری بەتوانا، کاک ئەمیر و هەموو ئەو فەرمانبەر و ئەندازیار و ئەو کەسانە بکەم کە کاریان تێدا کردووە. دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم. ئێمە زۆر دڵخۆشین و سەربەرزین کە لە هەرێمی کوردستان ئێستا کۆمپانیای وامان هەیە بتوانن پڕۆژەی وا گەورە بەم ئاستە بەرزە دروست بکەن. ئینشاڵڵا نموونەتان زۆر بێ.
سوپاسی جەنابی وەزیر، جەنابی پارێزگار و هەموو ئەو بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارانە دەکەم کە زەحمەتیان کێشا و بەشدار بوون لە بەجێگەیاندن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە.
ئەمە پرۆژەیەکی گەورەیە کە دەتوانێ خزمەتی هاتووچۆی هاووڵاتییان بکات و لە هەمان کاتدا بابەتی سەلامەتی هاووڵاتییانیش لەبەرچاو گیراوە و بێ گومان هاووڵاتی پارێزراوتر دەبێت. هەموومان بەو ڕیگایەدا هاتوچۆمان کردووە، من بیرمە زۆر جار سەردانی هەولێرمان دەکرد یا بەم ڕێگایەدا دەگەڕاینەوە، بە ڕاستی جێگەی مەترسی بوو. بەڵام ئێستا کە ئەم ڕێگایە بەم شێوازە درووست کراوە، هەم هاووڵاتییان دەتوانن بە کاتێکی کەمتر سەردانی ناوچە دڵخوازەکانی خۆیان بکەن، هەم خەڵکی دەوروبەری هەولێر دەتوانن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی هەولێر بکەن. ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ بەیەکەوە بەستنی شار و شارۆچکەکان لە نێوان هەموو شارەکانی کوردستان. بە تایبەتی ئێرە کە هەولێر بە گۆمەسپان و دۆڵی سماقووڵێ و ڕێگای کۆیە و سلێمانی دەبەستێتەوە، لە لایەکی تریشەوە دیسان ئەمە بەردەوام دەبێت بە گەڕانەوە بە ڕێگەی بەستۆرە و جارێکی تر بۆ هەولێر.
شوێنی گەشتیاری زۆر لەم دەڤەرە هەیە و هێندێکی دەستی پێ کراوە و بوونەتە شوێنی گەشتیاری، بە تایبەتی بەندئاوی گۆمەسپان کە ئێستا درووست کراوە و پێشتریش ڕێگایەکی هاوشێوەی ئەمە لە دەوری بەندئاوەکە درووست کراوە کە ئەمە ئاسانکاری زۆر دەکا بۆ خەڵکی کوردستان و هەولێر کە ئینشاڵڵا لە وەرزی بەهاردا کە هیوادارین وەرزێکی خۆش بێ، چێژ لەو سرووشتە جوانەی کوردستان وەربگرن.
داواکاری من لە خەڵک ئەوەیە ڕێنمایی یەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاووڵاتییانی تر، بەخێرایی ئوتۆمبێل لێنەخوڕن. هیوادارین هەمووتان سەربەرز بن، ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بکەین.
جارێکی تر پیرۆزە لە هەمووتان.
زۆر سوپاس
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە