پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی ئاڵمانیا دەکات
هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەردەوامی مەترسییەکانی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، بە بایەخەوە دەڕوانێتە بڕیاری درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئاڵمانیا و بەشدارییە کاراکانی ئەو ووڵاتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دا بەرز دەنرخێنێت.
هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پێشوازی لە بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵی ئاڵمانیا کرد، کە تایبەت بوو بە درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەو ووڵاتە لە عێراق.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "گرووپی تیرۆریستی داعش، هێشتا مەترسییەکی جیددییە لەسەر عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە."
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە بەشدارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زۆر بەرز دەنرخێنین."
ئەم بڕیارەی ئاڵمانیا لە کاتێک دایە کە هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانان بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش.