پەیامی کورد- قامیشلۆ... مەزڵووم عەبدی: ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا و لێکتێگەیشتن لەسەر زۆر پرس هەیە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا و لێکتێگەیشتن لەسەر زۆر بابەت و پرس هەیە".
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ڕۆناهی"ی کوردی وتی: "سوود لە ماوەی ئاگربەستەکە وەردەگرین و هەوڵ دەدەین لەم ماوەیەدا پێشوەچوونی کردەیی لە ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەمدا بەدی بهێنین".
ڕوونی کردەوە کە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی حکومەت ناچنە ناو ناوچە کوردییەکان، بەڵام دامەزراوەکانمان لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکاندا تێکەڵ دەکرێن.
جەختی کردەوە کە کەناڵەکانی پەیوەندی ڕۆژانە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا کراوەن، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانییەوە بەشدارە لە دانوستانەکاندا.
فەرماندەی هەسەدە هەروەها وتی: "پێشنیازی چەند ناوێکمان کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستە حکومییەکان، لەوانە یاریدەدەری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەکە، بەڵام تا ئێستا لیستێکی ڕێککەوتلەسەر نییە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆبانێ سەرکردایەتی ئەم قۆناغە دەکات و داوامان لە هێزەکانی حکومەت کردووە نەچنە ناو گوندە کوردییەکانی ئەوێ، ئەوانیش ڕەزامەندییان نیشانداوە و هەستیاریی بابەتەکەیان لەبەرچاو گرتووە".
ڕوونی کردەوە ئەوەی لێرە لە ناوچە کوردییەکان لەسەری ڕێکدەکەون، لە عفرین و سەرێ کانیێش جێبەجێ دەکرێت، هەروەها جەختی کردەوە کە هەموو ئەو بەرپرسانەی پێشێلکارییان ئەنجامداوە، بە ڕێکاری یاسایی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردە سیاسییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا پشتیوانییان دەکەن لەم قۆناغەدا کە بە "هەستیار و گرنگ" وەسفی کرد، و هۆشداریشی دا لەوەی لەم قۆناغەدا کەس بەرەو ڕەگەزپەرستی و تائیفیگەری ڕانەکێشرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا جەختی کردەوە کە "ناوچە کوردییەکان لە سووریا هێڵی سوورن و تا دوا شەڕڤان تێیدا دەجەنگن، و هیچ لایەکیش لەم شەڕەدا سەرناکەوێت".