پەیامی کورد ... هۆشدارییەکی زۆر گرینگ لە لایەن ئەمریکاوە بە هەموو عێراق
هۆشیار زێباری: ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی دۆلار و سزادانی بانکی ناوەندی دەکات
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشدارییەکی تووندی ئەمریکای بۆ بەغداد ئاشکرا کرد، کە پەیوەستە بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو و بەشداری گرووپە چەکدارەکان.
زێباری ئاماژەی بەوە کرد، واشینتۆن پەیامێکی ڕوونی ناردووە کە تێیدا هاتووە : "ئەگەر گرووپە چەکدارەکان بەشداری حکوومەتی نوێی عێراق بکەن، ئەمریکا سزای تووند بەسەر بانکی ناوەندی عێراق دا دەسەپێنێت."
بەپێی ووتەکانی زێباری ، ئەم سزایانە تەنها بانکی ناوەندی ناگرێتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی درووستکردنی کێشەی گەورە بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی دۆلار (ناردنی دۆلاری نەختی) بۆ عێراق. ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر بەهای دینار و سەقامگیری ئابووری ووڵات درووست دەکات، چوونکە عێراق بۆ دابین کردنی پێداویستییە نەختینەکانی بە تەواوی پشت بەو دۆلارە دەبەستێت کە لە ئەمریکاوە بۆی دێت.
ئەم لێدوانانەی زێباری هاوکاتن لەگەڵ هەواڵەکانی تری پێوەست بە پاشەکشەی نووری مالکی، کە دەری دەخەن فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.