پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات گەرەنتی ڕاگرتنی تەقە بکات
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ شەممە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە.
هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی پەرەپێدانی گرژییەکان کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە کە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشقدا واژۆ کراوە، "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکانی و پەرەپێدانی مەیدانی لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ، بە جۆرێک کە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و جووڵەی لۆجستی تێدا بەدی کراوە کە دووپاتی دەکەنەوە نێتێکی ڕوون هەیە بۆ پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان و ڕاکێشانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ"، بەپێی بەیاننامەکە.
هەسەدە ڕوونی کردەوە: "هێزەکانمان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە لە ناوچەی جەزیرە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقەیە."
هەروەها ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا هێزەکانمان پابەند بوون و هێشتاش پابەندن بە بەندەکانی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی تەقە، جەخت دەکەینەوە کە ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی حکومەتی دیمەشق ئەنجامیان دەدات، بە تەواوی لەگەڵ پابەندییەکانیدا ناکۆکە و هەوڵێکی ئەنقەست بۆ شکستهێنان بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو شەڕ لەبری چارەسەری سیاسی دەردەخات."