پەیامی کورد ... پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ئاو لە نێوان حکوومەتی هەرێم و ووڵاتی فەرەنسا واژوو کرا
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سامانی ئاو، لە شاری هەولێر پڕۆژەیەکی ستراتیژی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ووڵاتی فەرەنسا واژوو کرا، کە ئامانج لێی چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی زانستییانەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییە.
سێشەممە (٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، یان بریم، کونسووڵی گشتی فەرەنسا و د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کونسووڵخانەی فەرەنسا واژوو کرا.
پڕۆژەکە کە لەژێر ناوی "کیوانۆ، گرینسیتیزن" جێبەجێ دەکرێت، وەک هەنگاوێکی گرینگ بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستان وەسف دەکرێت. بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، بۆ یەکەم جار لە شاری هەولێر وێستگەی تایبەت و پێشکەوتوو دادەندرێت بۆ خوێندنەوە و تۆمارکردنی داتاکانی پەیوەست بە ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی. ئەم تەکنۆلۆژیایە دەرفەت دەدات زانیاری وورد و درووست لەسەر قەبارەی داهاتی ئاو و شێوازی بەکارهێنانی بەدەست بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی باشتر.
لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی پڕۆژەکە، تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەکانی نێوان گەلی کوردستان و فەرەنسا. ناوبراو ستایشی ڕۆڵی پاریسی کرد لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی کەرتە گرینگەکانی وەک کشتوکاڵ و ئاودێری.
جێی ئاماژەیە، لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکان و بەڕێوبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئامادە بوون. ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو و گلدانەوەی، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو.