پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی یەوە

Dîroka Belavkirin :
پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی یەوە
پەیامی کورد    ...   پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینی یەوە

چوارشەممە، ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان لە سەرتاسەری جیھان کرد. 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦:

بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت ھاونیشتمانییانی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان دەکەم و ھیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.

ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرینگ و ستراتیژی بوو، لە ھەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو.

بە پشتیوانی خودای مەزن و خۆڕاگری خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتیش دابین کردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی و بونیاتنانی ڕێگەوبان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکی بە ئەنجام بگەێنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.

ھیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بھێندرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکھێنانی کراوە.

پێویستە چیتر بەرژەوەندی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی ھیچ لایەنێک.

ھەروەھا ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیک دا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان پێک بھێندرێت.

ساڵی نوێ لە ھەمووان پیرۆز بێت و ھەمیشە لە شادی و تەندرووستی دا بن.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان