پەیامی کورد ... 97 گەنجی دیکەی لە ووڵاتی لیبیاوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لێژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە ووڵاتی لیبیا، دوای کارکردنێکی زۆر و بەدواداچوونی ورد، سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی کاروانێکی دیکەی کۆچبەران.
رۆژی شەممە ڕێکەوتی 24ی کانوونی دووەمی 2026، کاروانی شەشەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە لە ووڵاتی لیبیا لە کاتی هەوڵ دانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو ووڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکرابوون، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم کاروانەدا گەیشتنەوە باوەشی نیشتمان پێکهاتبوون لە 97 گەنج، کە بەپێی ئامارەکان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. جێگەی ئاماژەیە کە دوێنێش 100 هاونیشتیمانی تر بەسەلامەتی گەڕێندرانەوە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستی خێزانەکانیان کرانەوە لەدەڤەری پشدەر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرینگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی یەوە بۆ ووڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان درووست دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی ووڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی تووندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.
تاوەکوو ئەمڕۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 299 کۆچبەری نایاسایی لە باروودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.