PeyamaKurd - بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان : دوو بەندئاو سەرڕێژ نەبوون و نۆ ملیار ئاویش گل دراوەتەوە
بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت، بەهۆی بارانی ئەمساڵ ەوە زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەندئاو و پۆندەکاندا گل دراوەتەوە و سەرجەمیان سەرڕێژ بوون، جگە لە بەندئاوەکانی دووکان و گۆمەسپان.
ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت دا ڕایگەیاند : ''ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆر و سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان، ئاوێکی یەکجار زۆر لە بەندئاو و پۆندەکان دا گل دراوەتەوە کە بە گشتی دەگاتە زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا، ئەمەش سوودێکی ئێجگار گەورەی بۆ کەرتی کشتوکاڵ، گەشت وگوزار، ئاژەڵداری و ئاوی خواردنەوە دەبێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەڵێن بەندئاوی دووکان سەرڕێژبووە، ڕەحمان خانی ڕوونکردنەوەی دا و ووتی، ''ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن بەندئاوی دووکان سەرڕێژبووە دوورن لە ڕاستییەوە، هێشتا مەترێک و ١٥ سانتیمەتر ماوە بۆ ئەوەی دووکان سەرڕێژ بێت. لە کۆی گشتی بەندئاو و پۆندەکانی هەرێم، تەنیا بەندئاوی دووکان لە سنووری سلێمانی و بەندئاوی گۆمەسپان لە سنووری هەولێر ماون سەرڕێژ بن.
بەڕێوبەری گشتی بەندئاوەکان لە کۆتایی دا دڵخۆشی خۆی دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەمساڵ ساڵێکی پڕبەرەکەت و پڕباران بوو، کە ئەمەش سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی بە تەواوی بووژاندوووەتەوە.