زانیاری گرینگ سەبارەت بە ئهو دوو بڕیارهی پهیوهست به بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانەوە دراون بزانن
پەیامی کورد ... زانیاری گرینگ سەبارەت بە ئهو دوو بڕیارهی پهیوهست به بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانەوە دراون بزانن
بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، دوو بڕیار لەبارەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانەوە دراون، ئەوانیش ناوی ئەو منداڵانە زیاد دەکرێت لە بەشەخۆراکی مانگانە کە تا ئێستا بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراک و دووەمیش ئەوەی کارتی نیشتیمانی نەبێت، لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش دەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل، ڕایگەیاند : دوو ساڵ دەبێت ئەو منداڵانەی لەدایک بوون و ناویان لە بەشەخۆراکی مانگانە زیاد نەکراوە، بەشەخۆراک وەرناگرن، بەڵام لە ئێستادا پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن لە پارێزگاکان دەستی پێکردووە و لە پارێزگای واست ٩٥%ی پرۆسەکە تەواو بووە و لە شەش پارێزگای دیکەش دەست پێدەکرێت، یەکێک لەوانە پارێزگای ھەولێرە و چاوەڕێ دەکرێت لیژنەکانی بەغدا بێنە ھەرێمی کوردستان و پێکەوە دانیشتن ئەنجام بدەین و ئەو ڕێکارانەی پێویستن، بیانگرینە بەر، بۆ ئەوەی بکرێتە ئەلیکترۆنی.
شێخ کامیل ووتیشی، دواتر ئێمە لە رێگەی بەڕێوبەرایەتییەکانی بازرگانی و بریکارەکانەوە پرۆسەکە دەست پێدەکەین تا ناوی ئەو منداڵانەی بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراک، زیاد بکرێن، چوونکە ژمارەیەکی زۆری منداڵ لە ھەرێمی کوردستان بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە.
بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی ڕوونیشی کردەوە، هەر کەسێک کارتی نیشتیمانی نەبێت، لە پسوولەی خۆراک بێبەش دەبێت و بەشەخۆراکی مانگانەی نامێنێت، چوونکە پسوولەی خۆراک دەچێتە ناو کارتی نیشتیمانییەوە، بۆیە بێبەش دەبن لە بەشەخۆراکی مانگانە، ئێستاش ئەو بڕیارە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە پێویستە ھەر کەسێک کارتی نیشتیمانی نییە، بە زوویی کارتی نیشتیمانی دەربکات، بۆ ئەوەی لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبێت و مانگانە بەشەخۆراکی خۆی وەربگرێت، چوونکە ئەوە کراوەتە مەرج بۆ پێدانی بەشەخۆراک.
ئەم بابەتە 32 جار خوێندراوەتەوە