PeyamaKurd - سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد
شەممە، 2ی ئایاری 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كرا بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەكانەوە.
هەر لە كۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كرد و جەختی لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێبەجێ كردن و پابەندبوون بەدەستوور چارەسەری سەرەكییە و داواشی كرد لەپێناو سەقامگیری ووڵات دا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لە پێویستی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكوومی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا.
