PeyamaKurd - سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتی كەنەدی و كوردی پەرلەمانی كەنەدا دەكات
ڕۆژی دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی شاندێكی گرووپی دۆستایەتی كەنەدی و كوردیی پەرلەمانی كەنەدا كرد كە پێك هاتبوو لە زیاد عەبدوللەتیف ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا و ئەحمەد حسێن ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا و وەزیری پێشووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی حكوومەتی كەنەدا.
لەدیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیداریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی، جەختیان لە ڕەوایەتی دۆزی گەلی كوردستان كردەوە و پێزانینیان بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانییەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو. هەروەها كورتەیەكیان لەبارەی كار و چالاكییەكانی گرووپی دۆستایەتی كەنەدی و كوردی لە پەرلەمانی كەنەدا و هەماهەنگیان لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی و ڕۆڵی ئەو فیدراسیۆنە لە پشتگیری دۆزی گەلی كوردستان خستەڕوو. هەروەها خوازیاری ئەوە بوون دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا لە بواری ئابووری و تەكنۆلۆژیا فراوانتر بكرێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی پشتیوانی خۆیشی بۆ قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی كوردستان و گەلی كەنەدا دووپات كردەوە و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونی پێویستی خستەڕوو.