"سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد"

"سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد"

PeyamaKurd - "سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد"

شەممە 5/9 ، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبووڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئامادەی بوون ، هەردوولا جەختیان لە گرینگی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە .

سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنە دووپات کردەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرینگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.هەردوولا جەختیان لە کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەت کردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور.

پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەک دانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .سەرۆکی حکوومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆک کۆماری تورکیاش جەختی لە گرینگی بەردەوام بوون و سەرخستن و بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.