PeyamaKurd - سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران کۆبووەوە
سێشەممە 4/28 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو.
لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ ، سەرۆکی حکوومەت، هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کات ، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە پشتیوانی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە.
لە کۆتایی دا، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جمووجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکوومەتیش ووڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.