سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

PeyamaKurd - سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە و، سوپاسی ژووری ئۆپراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکاری و کاری بەردەوامیان لەپێناو جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان.

پاشنیوەڕۆی سێشەممە 3/17، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ژووری ئۆپراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لەپێناو جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت، بەرپرسانیشی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری درووست ببێت. دڵنییایی شی بە خەڵکی کوردستان دا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە.

دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسادەرچووەکان بوونەتەوە، بەڵام حکوومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا، ووڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێوی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین. ووتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە. هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان ەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین، بەڵکوو تەنیا داوای کاتمان کردووە، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێ کردنی بکرێت. بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانی زۆر خراپداین و چالاکی بازرگانی زۆر کەم بووە.