PeyamaKurd - سەرۆکی هەرێمی کوردستان لهگهڵ قهداسهتى پاپا لیۆى چوارده كۆبووهوه
دووشەممە 2026/5/18 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا لیۆى چوارده، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
لە كۆبوونهوهكهدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له عێراق و ههرێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی ووڵات دادەڕێژن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهان دا دەربڕی، ههروهها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویی یەکەی پاپا فرانسیسی کۆچ کردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانی کردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵ کردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. ههروهها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابین کردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکان دا، بهرز نرخاند.
لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتی ناوچەکە تاوتوێ کرا و ههردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.