PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی (ئەنەکەسە) کۆبووەوە
پێنجشەممە 2026/6/18، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، دۆخی گشتی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی کورد و ناوچە کوردییەکان لەو ووڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایی یەی ئەنجوومەنی گەل له سووریا تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریادا کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانیان.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ڕۆڵ و ئامادەیی کاریگەری (ئەنەکەسە) و گرینگی یەک هەڵوێستی کورد لە سووریا و بەردەوامی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە.
ههروهها هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاری هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت.
لای خۆیەوە، شاندی میوان کورتەیەکیان دەربارەی چالاکی و هەوڵە سیاسییەکانی ئەنجوومەنەکە خستە ڕوو، ههروهها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیری بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان بۆ کورد لە سووریا دەربڕی.
مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و جمووجووڵەکانی ئەم دوایی یەی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارهیهوه، تیشک خرایە سەر سەردانی ئەم دوایی یەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بهڕێز مەزڵووم عەبدی، کە تیایدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایهوه.