سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێیه‌م نۆنا کرد

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێیه‌م نۆنا کرد

PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێیه‌م نۆنا کرد

دووشەممە ٢٠٢٦/٦/١٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی کاتێدراڵی مار یووسفی کلدانی لە عەنکاوە کرد و لەلایەن جەنابی پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی‌ لە عێراق و جیھان و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەگەر‌می بەخێرھێنانی بۆ ھەولێر، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی جەنابی پارتریارک بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لێکرد، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ھەموو ھاوکاری و پشتگیرییەکی بۆ خۆیان و کەنیسەکەیان دووپات کردەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ھاووڵاتییانی مەسیحی پێکھاتەیەکی ڕەسەن و گرینگی گەلی کوردستان و عێراقن و ڕۆڵی دیاریان لە مێژوو، ئێستا و داھاتووی ووڵات دا ھەیە. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بە لانکەی ئارامی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی و یەکترقبووڵ کردن بۆ تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی دەمێنێتەوە.

لای خۆیەوە، جەنابی پاتریارک سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ کەنیسەکەیان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و مێژوویی ھەرێمی کوردستانی کرد لە پێشوازی کردن و داڵدەدانی مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی دیکە لە کاتی ھێرشەکانی داعش دا، ھەروەھا کەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.

دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە تیایدا ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.