سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد

PeyamaKurd - سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد

ڕۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.

لەو دیدارەدا باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان دڵخۆشی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نیشان دا، و سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە سەرۆک بارزانی و خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دا هاتن و دەرگاکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ کردنەوە و پاڵپشت و هاوکاریان بوون بە تایبەت بۆ کریستیانەکان. هەروەها دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵ کردنەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکهاتەکان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەکەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن. باڵیۆزی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو کە پاڵپشت بوو بۆ بونیاتنانی زانکۆی کاتۆلیکی و نەخۆشخانەی عەنکاوە و چەندین قوتابخانەی تایبەت بۆ کریستیانەکان تا بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن. 

لە بەشێکی تری دیدارکەدا، باڵیۆزی ڤاتیکان باسی لە دوا سەردانی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ ڤاتیکان و دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فڕانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەست بەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتگیری خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانی جەختی لە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە بوەتە کلتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن  و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم کلتوورە بەردەوامبێت و پەرەی پێ بدرێت. 

هەروەها سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی یەکان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەش دا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکە بەبێ جیاوازی. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپا و حکوومەتی ڤاتیکانی کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان، و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشوازییەی لە دوایین سەردانیان بۆ ڤاتیکان لێیان کرا، و هیوای خواست قەداسەتی پاپای ڤاتیکان لە داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.