سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد

PeyamaKurd - سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاشتەوایی و كولتووری لێبوردن و تەبایی بە بنەمای سەرەكی بۆ پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەقەڵەم دا.

ڕۆژی شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی پارێزگاری بەغدا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانیان كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانیان لەو خەباتە دوورودرێژە و هەوڵدان بۆ بونیاتنانی سەقامگیری و تەبایی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی عێراقی نوێ بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر تێكۆشان و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا و هەروەها ئاشتەوایی و كولتووری لێبوردن و تەبایی بە بنەمای سەرەكی بۆ پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەقەڵەم دا.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە گەشەپێدان و هەوڵەكان لەپێناو باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ بەستنی كۆنفڕانسی پارێزگارانی عێراق لە شاری هەولێر دووپات كردەوە كە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیار كراوە و بە هەنگاوێكی گرنگ و ئیجابی وەسف كرد.