PeyamaKurd - كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەولێر بەڕێوەچوو
پێنجشەممە 2026.4،23، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرجەم ئەندامانی لێژنەكە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەولێر لە دیوانی پارێزگا، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەفەرمان و راسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ستراتیژییەتی و گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ژینگە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی ژیان کردەوە و، ووتیشی، پاككڕاگرتنی ژینگە بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندرووستی گشتی و پاراستنی سروشتی کوردستانیش ئەمانەتێکی مێژوویی و بەرپرسیارییەتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە.
پاشان، تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ژینگەییەکانی هەولێری پایتەخت و ڕایگەیاند، بە پاڵپشتی راستەوخۆی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەهۆی جێبەجێ کردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "پشتێنەی سەوزایی"، "پڕۆژەی ڕووناکی"، چاندنی نەمام و فراوانکردنی ڕێژەی سەوزایی و درووست کردنی پۆندەکان و كوژاندنەوەی ڕێژەیەكی زۆری مولیدەكان و وەرگرتنی ڕێکار لەگەڵ ئەو ئۆتومبێلانەی کە هۆكاری پیس بوونی ژینگە بوون، هەنگاوی گەورە نراوە. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی بڕیار و ڕێنمایی یەكان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و ئەو سەرچاوانەی دەبوونە هۆی تێکدانی کوالێتی هەوا، لە ئێستادا هەوای هەولێری پایتەخت بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پاکبووەتەوە و کوالێتییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. لەوبارەیەشەوە داوای لەسەرۆکایەتی زانكۆی سەڵاحەدین و ناوەندە ئەكادیمیەكان كرد، بە ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی و پیشكەش كردنی توێژینەوەی تایبەت ئەو گۆرانە گەورەیە بخەنەڕوو.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لەو دیاردە ناشارستانییەكرا كە بەشێك لەو گەشتیار و هاووڵاتییانەی لە کاتی گەشت و سەیرانەكانیان رەچاووی پاک و خاوێنی شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان ناكەن و پیسی و پاشماوە و زبڵ خاشاک لە دوای خۆیاندا بەجدەهێڵن، كە ئەم رەفتارەش سەرباری ناشرین کردنی سیمای شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان، هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مترسیدارەکان. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ناوبراوی كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی سەرجەم دام دەزگاكانی حكوومەت و بەرپرسیارە لە پرسی ژینگە و پاراستنی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی یەكان وێڕای بەردەوامیدان بە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پاككڕاگرتنی ژینگە، تووندترین ڕێکار لەگەڵ هەموو ئەوانە بكرێت كە هۆكارن بۆ پیس كردنی ژینگە.
داواش لە هاووڵاتییان کرا وەك ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكی مرۆیی و نیشتمانی و ئاینی پاک و خاوێنی ئەو شوێنانە ببپارێزن و پیسی و پاشماوە و زبڵ خاشاک لە دوای خۆیاندا بەجێنەهێڵن و هاوکاری تیمەکانی ژینگە پارێزی و شارەوانی و دامودەزگا فەرمییەکان بن بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی بەنداو و شوێنە گەشتیاری و گشتیەكان. بۆئەوەی هەمیشە کوردستانمان بە سەوزایی و گەشاوەیی و ئاوەدانی و پاکی و تەندرووستی بمێنێتەوە.
پارێزگاری هەولێر، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئامانجیانە هەولێر وەک شارێکی نموونەیی و ژینگەدۆست لەسەر ئاستی ناوچەکە بمێنێتەوە و داواشی لە هاووڵاتیان کرد وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی هاوکاری دام و دەزگا فەرمی و نیشتمانییەكان بن بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان.
لە کۆتاییش دا، دوای گفتوگۆی ئامادەبووان، كۆبوونەوە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەكی دا و لیژنەی ناوبراویشی ڕاسپێردرا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ هوشیاری هاوولاتییان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەل سەپێچیكاران.