لیژنەی نەوت و گاز : عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ھەیە

لیژنەی نەوت و گاز : عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ھەیە
پەیامی کورد   ...   لیژنەی نەوت و گاز : عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ھەیە

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ووتی، بە ھۆی ئەوەی مەترسی لەسەر بەندەری فاو لە عێراق ھەیە، عێراق پێویستییەکی زۆری بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.

د. سەباح سوبحی، ڕایگەیاند : دانیشتنی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەرێنی بوو بۆ ھەمواری یاسای بودجە و ماددەی ١٢ لە یاساکە، کە لە بەرژەوەندی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتە و ھەنگاوێکی یاسایی گرینگە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکەن بۆ بەندەری جەیھان، کە تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت ١٦ دۆلارە، ھەرچەندە تێچوویان زیاترە، بەڵام ئەوەی ئێستا بە شێوەی کاتییە بۆ ماوەیەک، تا لایەنێکی راوێژکاری ھەڵدەستێت بە خەمڵاندنی تێچووی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان.

سوبحی ووتیشی : ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، ئابووری عێراق و ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و بازاڕ بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و حەقدەستی کۆمپانیاکانیش چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی کرد، ئەرێنی بوو و وای کرد ئەو گفتوگۆیانەی لە پەرلەمان لەسەری دەکرا، کۆتایی یان پێبێت، چوونکە بڕوایان بۆ درووست بوو ئەوە لە خزمەتی خەڵکدایە.

دەشڵێ: لە ئێستادا مەترسی لەسەر بەندەری فاو ھەیە، کە نەوتی عێراق لە رێگەیەوە ھەناردە دەکرێت، بۆیە بیر لەوە دەکەنەوە ئەگەر مەترسی ھەبێت، پێویستە رێگەی دیکە بۆ ھەناردەی نەوت ھەبێت، کە ئەویش ھەرێمی کوردستانە، چوونکە لە رێگەی ھەرێمەوە دەتواندرێت رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئابووری عێراق نەڕووخێت، بۆیە ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ ئەوەی پێش پشووی پەرلەمان پەسەند بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، چوونکە کەشەکە لەبارە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و تاڕادەیەک کۆدەنگی بۆ ئەو پرسە ھەیە.

ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە