لە هەرێمی کوردستان پاراستنی ئازادییە گشتییەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
پەیامی کورد ... لە هەرێمی کوردستان پاراستنی ئازادییە گشتییەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
له بهیاننامهیهكدا كه نووسینگهی ڕێكخهری ڕاسپارده نێودهوڵهتییهكان ، باس له كۆمهڵێك ووردهكاری تایبهت به پرسی مافهكانی مرۆڤ و كهیسی پهیوهندیدار دهكات، ئهوهی خوارهوه دهقهكهیهتی:
لە کۆنفرانسی سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان،
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیگ: لە هەرێمی کوردستان پاراستنی ئازادییە گشتییەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
3ی دیسیمبەری 2024 لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانی مافەکانی مرۆڤ نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسی سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دا.
لە کۆنفرانسەکە د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ووتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدیهاتوون بەپێی پابەندبوونمان بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانی باش و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و یەکسانی، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەرسێ دەسەڵات یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پڕۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.
لە دەستپێکی ووتارەکەیدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی گرینگی بە مافەکانی هاووڵاتیان و ئازادییەکانی بە گشتی داوە، پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی گرینگیدانە بەم مەلەفە، هەروەها گوتی: بەپێی هەنگاوەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئایاری 2024 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (١٧١) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەمبوونەوە بۆ (١٢٧)، ئەو ڕاسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان بوونە (١٠٢).
ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانیش بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%)، بەمەش پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها گوتی: لەژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (10) ڕێکاری دەرکرد، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی زانیاریمان کە لە (٤٦) نوێنەر لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم پێکدێت تا کانوونی یەکەمی 2024 توانرا (٩) ڕاپۆرت ئامادە بکرێت کە دوایینیان ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی ڕاسپاردەکان لەمیانەی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بوو، جگە لە (٥٠) ڕاپۆرتی تریش کە لە ڕێگای حکوومەتی ئیتحادییەوە ئاراستەی ووڵاتان، بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کراون.
دواتر باسی پێشکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کرد لە نەهێشتنی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ووتی: لە ساڵی 2023دا، (١٤٠) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراوە، لە نێوانیاندا (٤٨) دۆسیە یەکلاکراونەتەوە و (٣١) گەڕێنراونەتەوە دادگا، کۆی گشتی سزادراوان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (٨٩) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ نزیکەی (٢٧٥) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست لەڕێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی 13/3/2024 یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرا، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێم (٨) نووسینگە و شەڵتەرێکی تایبەت بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە، لە ساڵی 2023دا (٢٩٤)حاڵەت تۆمارکراون، تیمە تایبەتەکان سەردانی (١٩٦) کۆمپانیایان کردووە، هەروەها (١٣) کۆمپانیا دراونەتە دادگا، (2.500) کەسی بیانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەهێشتنی تووندوتیژی خێزانی و کەرتی پەروەردە ووتی : (18.620) کەیس تا سەرەتای ئەم ساڵ لەلایەن داواکاری گشتی تۆمارکراوە لەوانە (10.897) کەیس یەکلاکراونەتەوە، هەروەها (٣١٣) کەیسی بەشوودانی پێشوەختە و (٨) کەیسی پەیوەست بە جیاکاری ڕەگەزی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە و ڕێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر، (٥) شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو هەیە، ئێستا (٩١) ئافرەتی تێدا داڵدەدراوە، لەوانە (٢١) بیانین، هەروەها کەرتی پەروەردە و خوێندن یەکێکە لەو بوارانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا گرینگییەکی بەرچاوی پێدراوە، لەم ڕووەوە (٨٩) قوتابخانەی نوێ درووستکراوە و (1.300) قوتابخانەش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەنکراونەتەوە، جگە لەمەش لەڕێگەی پرۆگرامی گەڕانەوە بۆ بەر خوێندن ئەم ساڵ توانراوە (6887) قوتابی و لە ساڵانی ڕابردووش (٢٦٣٨٤) قوتابی بگەڕێندرێنەوە بەر خوێندن، کۆی گشتی دەکاتە (٣٣٢٧١) قوتابی.
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بۆ مەبەستی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) توانراوە زیاتر لە (٤٢) هەزار فایل، کە دەکاتە (408.540) لاپەڕە لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بەشێوەی دیجیتاڵی دیکیۆمێنت بکرێت، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی (یونیتاد) لە قۆناغی یەکەم بڕی (45.95) گیگابایت و لە قۆناغی دووەم بڕی (11.9) گیگابایت بەڵگەنامەی ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کرد، لە لایەکی دیکەوە حکوومەت بەردەوام بووە لە ڕزگارکردنی ڕفێندراوان، تا ئێستا لە کۆی (6.417) ڕفێندراو (3.579) کەس ڕزگار کراون، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتیش هاوکاری دارایی بەسەر زیاتر لە (3.500) ڕزگاربووی دەستی داعشدا دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.
کەرتی کار و پاراستنی مافی کرێکاران گرینگی زۆری پێدراوە، لەم ڕووەوە ووتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (34) لیژنەی کارا هەیە. ژمارهی پڕۆژه دهستهبهركراوهكان لهماوهی (٣) ساڵی ڕابردوو له (28.000)ەوە بووە به (52.000) پڕۆژە، كرێكاری دهستهبهركراو له (84.000)ەوە بووه به زیاتر لە (190.000) كرێكار و نزیکەی (١٠٠) هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ ڕەخسێندراوە، هەروەها داهاتی ساڵانهی سندووقی خانهنشینی و دهستهبهری کۆمەڵایەتی له نزیکەی (42) ملیار دینارهوه بووه به زیاتر لە (1) تریلیۆن دینار و ژمارهی كرێكاری خانهنشینکراو له (726) کرێکارەوە بووەتە (1.000) كرێكار.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ووتی: بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و سزادانی بازرگانان و دووبارە شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان گرینگی زۆری پێدراوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی 26/11/2024 بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی دانا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوی (LDS)ی ئەمریکییەوە بنیات دەنرێت.
دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە لە هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانەکان بەردەوامن، بەپێی ئامارەکان ژمارەی سزادراوان و ڕاگیراوان لە هەرێم بەرزبۆتەوە بۆ (5.249) کەس.
شایەنی باسەم لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دادی ئیتحادی، بەشدار بوون، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەبوون.
ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە