محەممەد شوکری : سێکتەری وەبەرهێنان لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە دیوە

محەممەد شوکری : سێکتەری وەبەرهێنان لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە دیوە

PeyamaKurd - محەممەد شوکری : سێکتەری وەبەرهێنان لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە دیوە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت دا ، تیشکی خستە سەر گەشەسەندنی بێوێنەی سێکتەری وەبەرهێنان لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند "سێکتەری وەبەرهێنان لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە ساڵی ٢٠١٩وە تاوەکو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدراوە گەیشتووەتە ٨٥٦ پڕۆژە."

د.محەممەد شوکری ووتی "ئەم پڕۆژانە بە سەرمایەی زیاتر لە ٢٥ ملیار و ٢٩٨ ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری ٧٣,٤٧٤ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش زۆرترین ژمارەی پڕۆژەیە لە مێژووی تەمەنی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان کە مۆڵەتی پێ درابێت."

زیاتر ووتی "یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرینگەکانی حکوومەت دابەشبوونی دادپەروەرانەی پڕۆژەکانە بەسەر سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دا.

بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر ٣٦٥ پڕۆژە، لە سلێمانی ١٧٠، دهۆک ١٦٦، هەڵەبجە ١٢، گەرمیان ٦٤، ڕاپەرین ٣٤، زاخۆ ٣١ و سۆران ١٤ پڕۆژە، مۆڵەتیان وەرگرتووە، بە کۆی گشتی ٧٣,٦٥٠ هەلی کاریان دابین کردووە." سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت "سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و گرفت و قەیرانە داراییەکان، بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا سیاسەت و بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فرەچەشنکردنی ئابووری و گرینگیدان بە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری پەرەی پێ بدرێت."

محەممەد شوکری لە بارەی کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵی ووتی "بونیادنانی ژێرخانی ئابووری لەڕێگەی درووست کردنی بەندئاوەکانی گۆمەسپان و خنس و بەستۆرە و پەرەپێدانی پڕۆژەی ٢٤ کاتژمێری کارەبا و ڕێگاوبانەکان، ڕۆڵێکی گەورەی لە گەشەی وەبەرهێناندا هەبووە.

هەر بۆیە لە سێکتەری کشتوکاڵ ٣٠ پڕۆژە، لە گەشتیاری ١١٨ پڕۆژە و لە پیشەسازی ٢٠٥ پڕۆژەمان هەبووە."