PeyamaKurd - مێرمنداڵێکی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا
بەپێی ڕاپۆرتێک ، یەکێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەی ژینا بەناوی "موحسێن ئیسلامخاە"، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو پێشتر بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ بۆکان لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا دەست بەسەر کرا.
ئەم گەنجە کوردە لە کاتی دەست بەسەریدا لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دا بۆ وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" سەبارەت بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، موحسێن ئیسلامخاە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ دەست بەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی بووکان گواسترایەوە و لەوێ سزای لەسێدارەدانەکەی کە ٢٨ی ڕێبەندان بۆی دەرچوو بوو، پێ ڕاگەێندرا.
ئەمە لە کاتێک دایە کە موحسێن لە کاتی ڕووداوەکاندا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەرکردنی سزای سێدارە بۆ "منداڵ-تاوانبار" قەدەغەیە.