ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

PeyamaKurd - ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرینگی تاووتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

پاشان، ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە ووردی تاووتوێ کرد.

لەم بارەیەوە، وەزیری کشت وکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی ووردی پشت بەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەم هاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان دا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ.

دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و ووردەکاری پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا؛ پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخ کردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێ بەجێ بکات و لە هەمان کات دا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاووتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێک دێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێ بەجێ کردنیان بەشێوەیەکی دروست.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی ووردی لەسەر خەرجییەکانی بوودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجییانەی لە بوودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسوولەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکی مانگانە.

ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیری کردنی لە هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانی ووزە و کارەبا و هتد، بەشێوەیەک کە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی وورد، پشت بەستوو بە داتا و زانیاری درووست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی فیدڕاڵ بەشێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی حاکیمە.

17 حوزەیران 2026