PeyamaKurd - هونەرمەندێکی کورد سزای ٦ ساڵ بەندکران و لێدانی ٨٠ قامچی بەسەردا سەپا
مەهدی پاک مێهر هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی بجنوورد، ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەم دواییانەدا لە دوو دۆسیەی جیادا، لەلایەن دادگای شۆڕش و دادگای تاوانەکانی بجنووردەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٨٠ قامچی بەسەردا سەپێندراوە و بەرپرسانی دادوەری بە پێشێل کردنی بنەماکانی دادگاییکردن، لە پێدانی کۆپی نووسراوی بڕیاری دادگا بەم هاووڵاتییە خۆیان پاراستووە.
بە ووتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەهدی پاک مێهر لە دادگای تاوانەکانی بجنوورد بە بەندکردن و لێدانی ٨٠ قامچی و لە دادگای شۆڕشی ئەو شارەش بە چەند ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، کە کۆی گشتی دەکاتە ٦ ساڵ بەندکران.
ناوبراو یەکێک لە چالاکوانە ناسراو و هونەرمەندە کوردەکانی بجنووردە کە پێشتریش بەھۆی چالاكییەكانی و بڵاوکردنەوەی گۆرانی "بژی کوردستان" و بە تۆمەتی ناوبردنی کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێران ەوە دەست بەسەر کرابوو.