هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد
پەیامی کورد ... هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد
لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ھەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە و ڕێکار و میکانیزمەکانیان تاوتوێ کرد.
سێشەممە ١٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و شاندێکی ھاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکی، سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی ھەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە پێکھاتبوو، لەگەڵ شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ کێڤن لێیھی، فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش و پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
وەک لە ڕاگەێندراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، لەبارەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، وێڕای خستنەڕووی دوا ھەنگاوەکانی پڕۆسەکە، گرینگی پڕۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داھاتووش، جەخت لە ھاوکاری و ھاوکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پڕۆسەکە کرایەوە، سەرباری دۆخی گشتی ناوچەکە، پێشھات و ڕووداوەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە