PeyamaKurd - وەزیری دەرەوەی کڕواتیا پێشوازی لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد
وەزیری کاروباری دەرەوە و ئەورووپای کڕواتیا لە شاری زاگرب پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و تێیدا وێڕای دەربڕینی پشتگیری بۆ دۆزی گەلی کوردستان، ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەی هەوڵ دەدات بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی شاندێکی تایبەت بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان.
ئەمڕۆ ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦، گۆردان گرلیچ-ڕادمان، وەزیری کاروباری دەرەوە و کاروباری ئەورووپای کڕواتیا، پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی کڕواتیا تێگەیشتنی وڵاتەکەی بۆ خواستەکانی گەلی کوردستان دووپات کردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی. هاوکات هەردوولا بیروبۆچوونیان دەربارەی دوا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرینگی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

شاندی پارتی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی گەیاندە حکوومەت و گەلی کڕواتیا بۆ ئەو هاوکارییە سەربازی و مرۆییانەی لە کاتی شەڕی دژی داعش دا پێشکەشیان کردووە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کرا و شاندەکە ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی کڕواتیا نیشاندا.
لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی کڕواتیا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاوێژ لەگەڵ باڵیۆزی ووڵاتەکەی لە بەغدا دەکات بۆ پرسی کردنەوەی نوێنەرایەتی کڕواتیا لە هەرێمی کوردستان، تا ببێتە پردێک بۆ بەهێزکردنی دەرفەتە هاوبەشەکان. هەروەها بڕیاری دا هەوڵ بدات بۆ ناردنی شاندێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.