پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە

پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە

 

 

شارەزایەكی كەشوهەوا رایدەگەیەنێت، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوەو ئیتر گەرمای هاوین دەست پێ دەكات.

(ئاراس جەبار) شارەزای كەشوهەوا بڵاویكردەوە: كەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوەو لە ئەمڕۆ دووشەممەوە ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ و پەڵەهەوری كەم دەبێت و پلەكانی گەرماش (2 تا 3) پلە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

هەروەها بڵاویكردەوە: لە رۆژی هەینی داهاتووەوە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە دەكەونە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی گەرم و وشك كە لە باكوری ئەفریقیاوە فراوان دەبێت و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوەو هاوینێكی كاتی دەست پێ دەكات.

بڵاویشیكردەوە: كاریگەری ئەو شەپۆڵە گەرمایە تاكو (29) ی ئەم مانگە دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا بەرزترین پلەكانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە دەبێت و پێشبینی دەكرێت بگاتە (35 بۆ 37) پلە.

سەبارەت بە ئەگەری شەپۆڵێكی تری بارانبارین، شارەزاكەی كەشوهەوا ئاماژەی بەوەدا كە تا كۆتایی مانگ پێشبینی بارانبارین ناكرێت، بەڵام لە كۆتاییەكانی مانگ بۆ سەرەتاكانی مانگی داهاتوو ئەگەر هەیە بارانبارین دەست پێ بكاتەوە.