PeyamaKurd - پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان دوای جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز دەکرێتەوە
کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان بە کۆتا هات و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە و دوای جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز بە فەرمی بکرێتەوە. پڕۆژەکە کە بە گوژمەی ١٣٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ کراوە. کێشەی کەمئاوی بۆ زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس لە دانیشتووی ناوچەکە چارەسەر دەکات.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی ئاودا، کە سەرچاوەکەی لە ڕووباری (شینە)یە لە ناوچەی باڵندا. پڕۆژەکە لە توانایدا هەیە لە هەر کاتژمێرێکدا ١,٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی پاک بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دابین بکات. لە هێڵە سەرەکییەکان، بۆڕییەکان ٢٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن بۆ گەیاندنی ئاوی پاک بە هاووڵاتییان. هاوکات لەناو گوندەکانیشەوە تۆڕە ناوخۆییەکان لە ڕێی بۆڕییەکان ئاوی پاک بە دووری ٣٢٠ کیلۆمەتر دەگەینن بە تیرەی قەبارە جیاواز.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، "ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی تێست دایە و بە کوالیتییەکی زۆر بەرز جێبەجێ کراوە. ئەم هەنگاوە تەنیا دابین کردنی ئاو نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی پاراستنی سامانی ئاوی ژێر زەوی و گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ناوچەکە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە بە ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی مەلامستەفا بارزانی تەواو کراوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی کێشەی داراییەوە ڕاوەستابوو، تاوەکوو چیتر هاووڵاتییانی ئەو سنوورە ناچار نەبن ئاو بکڕن یان بە شێوەی سەرەتایی لە ڕووبارەکانەوە ئاو دابین بکەن.
پڕۆژەکە لە ناوچەی بارزان تەواوی گوندەکانی ناحیەی بلێ، بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی گۆڕەتوو و سێ گوندی ناحیەی دینارتێ دەگرێتەوە، کە لە ناوچەی باڵنداوە دەست پێدەکات تا دەگاتە گوندی شیوەدز. هاووڵاتییانی ناوچەکەش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە کە دوای چەندین ساڵ لە کێشەی کەم ئاوی ڕزگاریان دەبێت.