PeyamaKurd - پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆتایی ھاتنی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، سەردانێکی "بەرھەمدار و سەرکەوتوو"یان ئەنجامداوە و لەگەڵ لایەنەکان جەختیان لە کارکردنی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و پشتگیری کردنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردووەتەوە.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی.
"ئەمڕۆ کۆتاییمان بە سەردانێکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو بۆ بەغدای پایتەخت ھێنا کە تێیدا چاومان بە ھەموو ھاوپەیمانی و کەسایەتییە نیشتمانی و ھاوبەشەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق کەوت. جەختمان لە کار و ھەماھەنگی ھاوبەش کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نیشتمانییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، لەنێویان دا جەخت کردنەوە لە کۆنترۆڵ کردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، چارەسەری خێرا بۆ دۆخی ئابووری بەھۆی لێکەوتەکانی دۆخی ھەرێمی ناوچەکە. ھەروەھا جەختمان لە گەرەنتی کردنی ئاسایشی ووڵاتانی ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە ململانێیە ھەرێمییەکان کردەوە.
لەگەڵ ھاوبەشەکاندا گفتوگۆمان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرد، جەختمان لە پاڵپشتی تەواومان بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردەوە بۆ کاری ھاوبەش لەپێناو گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناخێکی نوێ لە سەقامگیری و پەرەسەندن و گەشەسەندن.
سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەرمی پێشوازی، سنگفراوانی و گفتوگۆ ئەرێنییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندی عێراقدان.