یەکیتی خانەنشینان : بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکە

یەکیتی خانەنشینان : بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکە
پەیامی کورد   ...   یەکیتی خانەنشینان : بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکە

ووتەبێژی یەکیتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، زۆر گرینگە و لە بەرژەوەندی خانەنشینان دایە، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن".

سادق عوسمان، ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ، پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەوەش یەکێکە لە بڕگەکانی یاساکە، چوونکە بەپێی بڕیاری دادگا پێویستە ئەو یاسایە لە ھەرێمیش جێبەجێ بکرێت و بەرکار بێت.
ئەمەش سوودی زۆری بۆ خانەنشینان دەبێت و پێویستە ئەو شایستە دارایی یانەی لە عێراق دەدرێن، لە ھەرێمیش بدرێت و پلەبەرزکردنەوەش دەست پێ بکرێتەوە، ئەوەشیان بۆ حیساب بکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئێستا پلەی فەرمانبەران بەرز نەکراوەتەوە، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن ژمارەیان زۆرە، ھەرچەندە ئامارێکی وورد نییە، بەڵام بە خەمڵاندن ٢٥ ھەزار کەس خانەنشین دەکرێن و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە".

سادق عوسمان ووتیشی " بەپێی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی، بۆ ئەوانەی خانەنشین دەبن، لە خاڵی ھەشتەم باس لەوە دەکرێت، ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی دەدرێت بە خانەنشینانی عێراق، پێویستە بدرێتە ئەوانەی ھەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن لەجیاتی ئەوەی شەش مانگ مووچەی تەواو وەربگرن، پێویستە مووچەی ساڵێکیان بە ھەموو دەرماڵەکانەوە پێ بدرێت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد "بە شێوەیەکی گشتی ئەو بڕیارەی دراوە زۆر گرینگە، بۆیە پێویستە عێراقیش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان پابەند بێت، چوونکە ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەوەی کەمتەرخەم بێت، ئێمە ڕێگای دادگا دەگرینە بەر، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەم شێوەیەش خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت و بازاڕیش دەبووژێتەوە و لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە".

ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە