پەیامی کورد ... سەفین دزەیی : کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کونسووڵخانەی ووڵاتان ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەیە لەوەی پەیوەندی بەھێزی ئابووری درووست بکەن و حکوومەتی ھەرێمیش ئاسانکاری زۆری بۆ سەرمایەداران کردووە.
پێنجشەممە، ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کەرتی تایبەت ڕۆلێکی بەرچاوی بینیوە لە پێش خستنی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمیش ئاسانکاری زۆری بۆ سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی کردووە بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە ناوخۆی ھەرێم بەگەر بخەن.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ساڵی سێیەم ماڵی کوردی لە داڤۆس، ھانی سەرمایەدارانی بیانی دەدات، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن.
سەفین دزەیی ووتیشی: کونسووڵخانەی ووڵاتان ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەیە لەوەی پەیوەندی بەھێزی ئابووری درووست بکەن، بەتایبەتی ئەمساڵ ژمارەیەک کۆڕبەندی ئابووری گرینگ بەڕێوەچوون.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم، باس لەوە دەکات، سەرەتای ساڵی داھاتوو، کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ھەروەھا ھەرێم و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا شاندێکی ئاڵمانیا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرھێنان سەرکەوتوو بووە.