پەیامی کورد ... سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا کرد
٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە ژەنەڕاڵ لووتشیانۆ پۆرتۆلانۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا و، نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، باس لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرا. تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێش بردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارەکانی راوێژکاری و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی.
سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی ژەنەڕاڵ لووتشیانۆ و دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە سوپاس و ڕێزەوە لە هەماهەنگیەکانی راوێژکارانی ئیتاڵیا دەڕوانێت و هیوای خواست کە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستێکی بەرزتر بەردەوام بن. سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرکەکانیان لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیاوە، مایەی پێزانینی ئێمەیە، بەتایبەت کە ئیتاڵیا ووڵاتێکی گرینگی ناو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و شەڕی دژی تیرۆرە. لە ڕابردوودا لە بوارەکانی دابین کردنی پێداویستییە لۆژستییەکانی سەربازی و مەشق و راهێنان، هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە و لە ئێستاشدا لە بواری راوێژ و چاکسازی دا هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا.

هەر لەو سەردانەیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا هێزەکانی سوپای ووڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەسەرکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تیمەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ دەستخۆشی لە راوێژکارانی سەربازی سوپای ووڵاتەکەی کرد و ستایشی ئەو ئاستە پێشکەوتووەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە پێی گەیشتوون، بەتایبەت لە بواری مەشق و راهێنان و پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕۆڵی پیشەیی پێشمەرگە لە پێش خستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئارامی بەرز نرخاند.