پەیامی کورد ... وەزارەتی بازرگانی : ئەمساڵ ٣ ھەزار مووڵەت بۆ ھاوردەو ١١٥ مۆڵەتی ھەناردە ھەبووە
بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار و چالاکی زۆری ھەبووە، نزیکەی ٣ ھەزار مووڵەتمان بۆ ھاوردە و ١١٥ مووڵەتیشمان بۆ ھەناردەکردن داوە."
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ووتی "ئەمساڵ لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١/١/٢٠٢٥ تا ئێستا چەندین بەڕێوبەرایەتیمان ھەن، لەوانە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە، وەرگرتنی گەنم و کردنی بەئارد و دابەش کردنی بەسەر ھاووڵاتییان، پێدانی مووڵەتی بازرگانی بە بازرگانان بۆ ھاوردەکردنی کاڵاکانیان و ھەناردەکردنیان، چاودێری بازاڕ و ھەڵسەنگاندنی پڕۆژە بازرگانییەکان.
بۆ بەشە خۆراک، تا ئێستا حەوت بەشە خۆراک دابەش کراوە، بڕیارە بەم نزیکانە هەشتەمیش دابەش بکرێت، بۆ ئاردیش ئەمساڵ ١٠ بەشە ئارد دابەش دەکرێت."
نەوزاد شێخ کامیل ووتیشی "سەبارەت بە گەنم، ئەمساڵ ٣٨٦ تەن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، پارەکەشی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناربوو، تا ئێستا زیاتر لە ١١٢ملیاری ھاتووە، زیاتر لە ١٩٠ ملیار دینار لای حکوومەتی عێراق ماوە، ئومێد دەکەین ڕەوانە بکرێت و دابەش بکرێت، کاری چاودێری بازرگانی بەگشتی لە ھەرێمی کوردستان ٤٥ھەزار و ٣٩٢ سەردانیان بۆ شوێنەکان کردووە، لەوانەش ھەزار و ٨٥٤ سەرپێچی و ٢٤٧ داخستن ھەبووە، زیاتر لە ٥ ھەزار و ١٣١ سزای دارایی بووە، زیاتر لە ٧٥ تەن و ١٣١ کیلۆ ماددەی بەسەرچوو لەناوبراوە.
بۆ مووڵەتی بازرگانیش، ئەمساڵ ٢ ھەزار و ٩٥٥ مۆڵەت دراوە بۆ کاڵای جۆراوجۆر، زیاتریش پیشەسازی و پیشەسازی ڕووەکی و خۆراک بووە، ١١٥ مۆڵەتی ھەناردەش دراوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەناردە زیاتر بکرێت.
بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش ٩٢٢مووڵەت دراوە، زیاتر لە ١٨٣ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە کراون، بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان، ١٣١ مووڵەتی پڕۆژەی بازرگانی ھاتووە، ١٢٣ مووڵەت قبووڵ کراون، لەو پڕۆژانە ٣ھەزار و ٦٠٠ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە."